رووداو-سلێمانی
پرۆفیسۆرێک لە بواری یاسای دەستووری رایدەگەیەنێت، دادگەی فیدراڵیی عێراق بەپێی هەمواری بڕیاری دادگەکە پێکهێنراوە، کە دەستووری نییە و پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکەشی پەکخستووە بەو بڕیارانەی دەریکردوون، بەڵام سەرەڕای ئەمەش دەتوانێت پێشنیازەیاسای پشتیوانیی خێرای ئاسایشی خۆراکیش رەتبکاتەوە، چونکە پرسەکە پشکی حکومەتی تێدایە، حکومەتی کاربەڕێکەریش دەسەڵاتی ئەوەی نییە.
پرۆفیسۆر شۆڕش حەسەن، پسپۆڕی یاسای دەستووری و وانەبێژ لە زانکۆی سلێمانی، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کاژێری دووەمی بەرنامەی نورۆژ، کە بێستوون عوسمان پێشكێشی دەکات گوتی، دادگەی فیدراڵیی عێراق دەتوانێت هەوڵەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ بەیاساکردنی پێشنیازەیاسای پشتیوانیی ئاسایشی خۆراک، شكست پێبهێنێت، چونکە دوای خوێندنەوە بۆ پێشنیازەیاساکە دەبێت رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت، لەوێ بکرێتە پڕۆژەیاسا و دواتر بگەڕێنرێتەوە بۆ پەرلەمان؛ لەم بارودۆخی ئێستاش کە حکومەت کاربەڕێکەرە، "رەتدەکرێتەوە".
شۆڕش حەسەن دەڵێت، "حکومەتی کاربەڕێکەر تەنیا بۆ راییکردنی کاروباری رۆژانەی هاوڵاتییانە، ناتوانێت پڕۆژەیاسا رەوانەی پەرلەمان بکات. پەرلەمانیش بۆی نییە لێپێچینەوە لەگەڵ هیچ یەکێک لە وەزیرەکانی بکات، چونکە ئەم ئەنجوومەنە متمانەی بەو حکومەتی کاربەڕێکەرە نەداوە".
سەبارەت بە قۆناخی ئێستاش کە پەرلەمان پێشنیازەیاساکەی بە هەمان داڕشتنەوەوە ناردووە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، روونی دەکاتەوە، "پێشتر چەندینجار پڕۆژەیاسا رەتکراوەتەوە، چونکە پەرلەمان لە سەرەتاوە رەوانەی کردووە، وەک پڕۆژەیاسای خانەنشینی ساڵانی 2013-2014، کە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی لە دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەوەبوو پەرلەمان لە سەرەتاوە رەوانەی کردووە نەک حکومەت".
شۆڕش حەسەن ئاماژەی بەوەش دا، لە ماوەی رابردوودا دادگەی فیدراڵیی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکردووە پرۆسەی سیاسیی عێراقی پەکخستووە، لەوانەش بڕیارەکانی سێیەکی پەکخەر و گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمان. ئەو دەڵێت، "دادگەکە لەسەر هەمواری یاسای دادگەی فیدراڵیی عێراق پێکهێنراوە، کە خودی هەموارەکە نادەستوورییە، چونکە پێشێلی ماددە و بڕگەی دەستوورییان کردووە؛ لەبری دوو لەسەر سێی پەرلەمان، زۆرینە بەکارهێنرا بۆ تێپەڕاندنی بڕیارەکە. هەروەها پێکهاتەکەی بەپێی دەستوور، دەبێت دادوەر، پسپۆڕی فیقهی ئیسلامی و پسپۆڕی یاسایی تێدا بێت. بەڵام ئێستا وانییە".
سەبارەت بە پرسی نەوت و گاز و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ دەستبەسەرداگرتنی کێلگە نەوتییەکانی بای حەسەن و کۆرمۆر، شۆڕش حەسەن دەڵێت، "ئەو پرسانەی کە سیمای سیاسی پێوەدیارە و لە دەرەوەی پرسە کارگێڕییەکانی حکومەتە، حکومەتی کاربەڕێکەر مافی ئەوەی نییە لێیان نزیک ببێتەوە و جێبەجێیان بکات".
رۆژی 15ى ئایارى 2022 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی د.بەرهەم ساڵح، شرۆڤەى بۆ دەستەواژەى حکومەتى کاربەرێکەر کرد و رایگەیاند، حکومەتی ئێستای عێراق بەهۆی ئەوەی کاربەڕێکەرە، ناتوانێت پڕۆژەیاسا پێشکێش بکات، لەسەر ئەو بنەمایە پڕۆژەیاسای پشتیوانیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی رەتکردەوە، کە حکومەت بۆ پەرلەمانی ناردبوو.
رۆژی شەممە 14ی ئایاری 2022 کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەر بیرەنەوتەکانی خورمەڵە، ئاڤانا، سەفیە و کۆرمۆر لە کێڵگەی نەوتی بای حەسەندا گرتووە، کە لەژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراق بووە، بەڵام ئاماژەی بە کاتی هاتنی هێزەکە یاخود مانەوە و نەمانەوەیان تاوەکو ئێستا نەکردووە. هەر هەمان رۆژ، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە لە کەرکووک "بە پشتیوانیی هێزی چەکدار، دەستی بەسەر چەند کێڵگەیەکی" نەوتیدا گرتبێت.
رۆژی 15ى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یاسای نەوت و گازى هەرێمى کوردستانى بە پێچەوانەى دەستوور دانا کە لە ساڵى 2007 لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە دەرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ