سیناریۆیێکی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ دادگەی فیدراڵی یەکلای بکاتەوە

19-05-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە نەیتوانی سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت. هیچکام لە بەربژێران نەیانتوانی زۆرینەی رەهای دەنگەکان بەدەستبهێنن و گرژی و شەڕە بۆکس لە نێو هۆڵی پەرلەمان روویدا.
 
ئەوە دوایین هەوڵ بوو بۆ پڕکردنەوەی شوێنی محەممەد حەلبووسی، کە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە پۆستەکە دوورخرایەوە. 
 
تاوەکو ئێستا، ناکۆکیی نێوماڵی سوونەکان بووەتە هۆی لەبارچوونی هەموو هەوڵەکان بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە.
 
دەنگدانەکەی رۆژی شەممە، لە هەموو هەوڵەکانی دیکە نزیکتربوو لەوەی بە ئامانجی هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ پەرلەمانە خاوەن 329 ئەندامەکە بگات. 
 
311 پەرلەمانتار لە دانیشتنەکەدا بەشدار بوون. سالم عیساوی 158 دەنگی بەدەستهێنا، کە زۆرترین دەنگ بوو لەنێو بەربژیرەکاندا بەڵام هێشتا پێویستی بە 8 دەنگی دیکە بوو بۆ ئەوەی بگاتە 166 دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکی پەرلەمان.
 
مەحموود مەشهەدانی، بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە بەدەستهێنانی 137 دەنگ، دووەم بوو.
 
بڕیاربوو لە هەمان رۆژدا، گەڕێکی دیکەی دەنگدان بکرێت، بەڵام بە گوێرەی ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداو، نزیکەی نیوەی پەرلەمانتاران نەگەڕانەوە هۆڵی دانیشتنی پەرلەمان. هەروەها لە ئەنجامی هەوڵی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی تەقەدووم بۆ رێگریکردن لە بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەم، دەمەقاڵێ لەنێوان ئەوان و ئەوانەی سەر بە فراکسیۆنی سیادە بوون، دروستبوو و سەری کێشا بۆ شەڕە بۆکس تاوەکو هێزە ئەمنییەکانی پەرلەمان دەستوەردانیان کرد. 
 
دیلان غەفوور، پەرلەمانتاری یەکێتی و نەهرۆ رواندزی پەرلەمانتاری پارتی بە پەیامنێری رووداویان گوت؛ هەیبەت حەلبووسی، ئەندامی پارتی تەقەدووم بە بۆکس لێی دراوە و بریندار بووە.  
 
نووسینگەی میدیایی پەرلەمانیش رایگەیاند، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە. 
 
دیلان غەفوور پێشبینی دەکات هێزە سیاسییەکان "رێککەوتنێک بکەن" بۆ ئەوەی بەربژێرێک بۆ گەڕی داهاتووی دەنگدان دیاری بکەن، بەپێچەوانەوە پێویستە پەنا ببەنە بەر دادگەی فیدراڵی بۆ ئەوەی رێگە چارەیەکیان بۆ دیاری بکات، کە ئایا لەم رەوشەدا کە هیچ بەربژێرێک زۆرینەی رەهای بەدەستنە‌هێناوە، دەبێت چی بکرێت. 
 
یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە؛ دادگە بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی گەڕێکی دیکەی دەنگدان بدات، یان بڕیار بدات بۆ ئەوەی خاوەن زۆرترین دەنگی گەڕی دووەم بە براوەی پۆستەکە دیاریبکرێت. 
 
پەیڕەوی ئێستای نێوخۆی پەرلەمان روونی نەکردووەتەوە ئەگەر هیچ بەربژێرێک لە گەڕی دووەمدا 166 دەنگی بەدەست نەهێنا، دەبێت چی بکرێت. 
 
بەگوێرەی سیستمی پشكپشكێنەی دەسەڵات، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە سوننە، سەرۆکوەزیران بە شيعە و سەرۆک کۆماریش بە کورد دەدرێت. 
 
بەڵام زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق لە دەستی ئەو پارتە شيعانەدان کە لە ئێران نزیکن. 
 
هاوپەیمانیێکی سێ فریاکسیۆنی سوننی، پشتیوانییان لە عیساوی کرد، بەڵام مەشهەدانی کە لە دوای چەسپاندنی دەستووری وڵات لە ساڵی 2005 بووە یەکەمین سەرۆکی پەرلەمان، تەنیا پشتیوانی فراکسیۆنی تەقەدوومی هەبوو. 
 
سەرۆکی نوێ دەچێتە شوێنی محەممەد حەلبووسی، ئەو سیاسەتڤانە کاریگەرەی لە لایەن دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە بە تۆمەتی ساختەکردنی نامەیەکی دەستلەکارکێشانەوە، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.  
 
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2018 ببووە سەرۆکی پەرلەمان، حەلبووسی باڵاترین بەرپرسی سوننەکان بوو. نەکرانەوەی ئەم گرێ کوێرەیە، لە کاتێکدایە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق و فەرماندەى هێزى پاسەوانى سنوور

فەرماندەى پاسەوانى سنوورى عێراق: بستێکی سنوورەکەمان لەگەڵ سووریا نەماوە، کە بە کامێرا چاودێریی نەکرێت

ئەمڕۆ (دووشەممە، 2ـی کانوونى یەکەمى 2024) گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق و فەرماندەى هێزى پاسەوانى سنوور، کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانییان لە بەغدا ئەنجام دا بۆ روونکردنەوەى ئاستى پاراستنى سنوورى عێراق لەگەڵ سووریا.