لەسەر کەوتنی 'عەگال'ێک پیاوێک لە بەغدا بە 10 گوللە کوژرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی دروستبوونی کێشە لەسەر کەوتنی 'عەگال'ی سەری پیاوێک، دوو کوڕی ئەو پیاوە لە بەغدا، کەسێکیان لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا و لەبەرچاوی منداڵەکانی بە 10 گوللە کوشت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی ئایاری 2026، پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەشی کەرخ لە بەغدا، وردەکاریی رووداوێکی کوشتنی بڵاوکردەوە کە هۆکارەکەی بۆ "دابونەریتی هۆزایەتی" دەگەڕێتەوە. بەگوێرەی پۆلیس، کێشەکە لە رووداوێکی بچووکەوە دەستیپێکردووە، ئەویش "کەوتنی عەگال"ی سەری کەسێک بووە، کە لە نێو هەندێک لە هۆزە عەرەبییەکاندا وەک بێڕێزییەکی گەورە تەماشا دەکرێت.
 
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، دوو کوڕی ئەو پیاوە بە چەکەوە دەچنە سەر ماڵی ئەو کەسەی کە بە هۆکاری رووداوەکە زانراوە. بکوژان لەبەردەم ماڵەکەی و لەبەردەم چاوی منداڵەکانیدا، 10 گوللەیان ناوە بە سەری کەسەکە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
 
هێزەکانی پۆلیس توانیویانە هەردوو بکوژەکە دەستگیر بکەن کە کوڕی ئەو پیاوەن عەگالەکەی لەسەر کەوتبوو. هەرچەندە پۆلیس وردەکاریی زیاتری لەسەر چۆنیەتیی کەوتنی عەگالەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە "تەنیا لەسەر ئەو بابەتە" تاوانەکە کراوە.
 
هەردوو تۆمەتبارەکە بەگوێرەی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە. بەگوێرەی ئەم مادەیە، هەر کەسێک بە ئەنقەست کەسێک بکوژێت، سزاکەی دەگاتە "لەسێدارەدان".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە