رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەدر رێنماییی نوێژی هەینیی یەکگرتووی بڵاوکردەوە و دەڵێت ئامادەبوونی گەندەڵکاران لە ریزی خۆپیشاندانەکەدا و بەرزکردنەوەی ئاڵا و وێنە قەدەخەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە،19ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی شەهید سەدر، چەند رێنماییەکی سەبارەت بە رێکخستنی نوێژی هەینیی یەکگرتوو دەرکرد، کە پێشتر موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە بانگەوازی بۆ کردبوو.
رێنماییەکان بریتین لە:
1. هاوکاریی تەواو لەگەڵ لیژنەی رێکخەر و خزمەتگوزارییەکان لە نوێژە یەکگرتووەکاندا.
2. پابەندبوون بە ناوەندیبوون بۆ خۆپیشاندان، بە مەرجێک لە نزیک سەکۆی وتاری هەینییەوە بێت.
3. هێنانی بەرماڵ و چەتر بۆ خۆپاراستن لە گەرما.
4. پابەندبوون تەنیا بە دروشمە ناوەندییەکان.
5. بەرزکردنەوەی ئاڵا و وێنە قەدەخەیە.
6. ئامادەبوونی گەندەڵکاران لە ریزی خۆپیشاندانەکەدا قەدەخەیە.
7. ئامادەبوون بۆ نوێژ پێش بانگ و کشانەوە دوای خۆپیشاندانەکە.
شەوی رابردوو، 18ـی حوزەیرانی 2025، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، پەیامێکی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆ سەرکۆنەکردن و وەستان لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل دوای نوێژی هەینی خۆپیشاندان بکرێت و گوتی، "لەژێر ناونیشانی نەخێر نەخێر بۆ ئیسرائیل و نەخێر نەخێر بۆ ئەمریکا، کە داینامۆی سەرەکی و یەکەمی هەموو جەنگەکانی جیهانە، داوا دەکەم دوای نوێژی هەینی، خۆپێشاندانێکی جەماوەری رێکخراو و ئاشتیخوازانە لە سەرجەم پارێزگاکان بکرێت".
سەدر داوای لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکان کرد "رێگە نەدەن گەندەڵکاران بەشداری لە خۆپیشاندانەکان بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ