لە دادگەى فیدراڵى سکاڵا بۆ زیادکردنى کورسیى کۆتاى کوردى فەیلی تۆمار دەکرێت

19-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سكاڵایەک بۆ زیادکردنى ژمارەى کورسیی کۆتای کوردى فەیلی تۆمار دەرکرێت، سکاڵاکار داوا دەکات ژمارەی کورسیی کۆتای فەیلی لە یەک کورسییەوە بۆ پێنج کورسى زیاد بکرێت.
 
سکاڵاکە لەلایەن پارێزەر سیهام فەیلى لەدژى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق تۆمارکراوە و تانەى لە دوو بڕگەى مادەى نۆى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و ئەنجوومەنى پارێزگاکان داوە و بە نادەستووری دایناون. 
 
سکاڵاکار داوایکردووە بڕگەکانى تایبەت بە کۆتای کوردانى فەیلی بگۆڕدرێت، هاوشێوەى کورسیی کۆتاى کریستانەکان بکرێتە پێنج کورسی بۆ ئەنجوومەنى پارێزگاکان و پەرلەمانى عێراق.
 
بەگوێرەى بڕگەى یەکەمى هەموارى یاسای هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و پەرلەمانى عێراق، یەک کورسی وەک کۆتای کوردى فەیلی لە سنوورى پارێزگاى واست بۆ پەرلەمانى عێراق تەرخان کراوە، بەگوێرەى بڕگەى دووەمى هەمان مادە، کورسییەکى دیکەى کۆتا لەهەمان پارێزگا بۆ کوردى فەیلی بۆ ئەنجوومەنى پارێزگا دیاریکراوە.
 
رۆژی 19ى تەممووزى 2023، سیهام فەیلی بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵاکە تاوتوێ بکات، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئەمڕۆ پشوو بوو، دانیشتنەکە دواخراوە و تائێستاش رۆژەکەیان دیاری نەکردووە".
 
سیهام فەیلی ئاماژەى بەوەدا کە ئەو سکاڵایە لەسەر بنەماى بڕیارێکى پێشووى دادگەى باڵاى فیدراڵییە بۆ گەڕاندنەوەى دادپەروەرى بۆ کورسیی کۆتای کوردى فەیلی، بەرامبەر بەو قوربانییانەى کوردى فەیلی داویانە.
 
رۆژی 22ـى شوباتى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵى کورسیی کۆتاى کوردى ئێزدى و فەیلی و شەبەکى لە پەرلەمانى عێراق بە "نادەستوورى" ناوبرد و داوایکرد، لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکە هاوتا بکرێت.
 
سیهام فەیلی گوتى: "زیاتر لە چوار ملیۆن کوردى فەیلی لە عێراق هەن و بەسەر چەند پارێزگایەکدا دابەش بوون بۆیە مافى خۆیانە ژمارەى کورسییەکانیان بکرێتە پێنج کورسى بۆ هەردوو ئەنجوومەنى پارێزگا و پەرلەمانى عێراق."
 
بڕیارە 18ى کانونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، کە 10 کورسى ئەو ئەنجوومەنانە لە کۆتاى پێکهاتەکانن و یەکێکیان بۆ کوردى فەیلییە.

 

     

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە