رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیوانیە دەڵێ، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە براکەی خۆی کوشتووە و دواتر تەرمەکەی کردووەتە سێ پارچەوە و لە چەند شوێنێکی جیاواز پارچەکانی فڕێداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیوانیە، پۆلیس، هەواڵگری و نەهێشتنی تاوان لە دۆسیەکەدا رۆڵی کارایان گێڕاوە، بە جۆرێک هەواڵگری و بنکەی نەهێشتنی تاوان سەرەداوی دۆزینەوەی بەشی خوارەوەی لاشەیەکی نەناسراویان دەستکەوتووە کە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر خرابووە نێو کیسەیەکەوە و فڕێدرابووە رووباری دیوانیە، بێ ئەوەی لەو کاتەدا هیچ سکاڵایەک لەسەر ونبوونی هیچ هاووڵاتییەک تۆمار بکرێ.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای پێکهێنانی تیمێکی تایبەت و کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە، لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیشتنە برای کوژراوەکە و ئەویش لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا نا.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "تۆمەتبارەکە گوتوویەتی، بەهۆی کێشەی داراییەوە بە دەمانچە براکەی کوشتووە و دواتر تەرمەکەی کردووەتە سێ پارچەوە و خستوویەتییە نێو کیسەی پلاستیکییەوە و لە چەند شوێنێکی جیاوازی رووبارەکەدا فڕێی داوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ