رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، ئەو بڕە ئاوەی لە یەکەم شەپۆلی بارانبارینی ئەم وەرزەدا کۆکرایەوە گەیشتووەتە نزیکەی 359 ملـلیمەتر، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پشتیوانیکردنی کشتوکاڵی دێم و پلانی کشتوکاڵیی زستانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025 خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو بڕە ئاوەی لە یەکەم شەپۆلی بارانباریندا کۆکراوەتەوە، کە شەممە عێراقی گرتەوە، لە زۆربەی پارێزگاکانی نێوەڕاست و باکوور باش بوو."
بە گوتەی خالید شیمال، وەزارەتەکەی سوودی لەو بارانە وەرگرتووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکان، بۆ نموونە، لە سنووری بەنداوی سامەڕا.
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتیشی، "بارانبارینەکە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی پێویستیی پەمپکردنی ئاو لە دەریاچەی سەرسارەوە بۆ بەنداوەکانی موسڵ و حەدیسەش."
بە گوتەی خالید شیمال، "وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی پلانی کشتوکاڵی، بە پشتبەستن بە چەند پێوەرێکی سەرەکی کە سەرەکیترینییان بریتیە لە ئاوی کۆگاکراوی بەنداوەکان و بڕی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی."
ئەمەش لە کاتێکدایە، عێراق بە سەختترین قۆناخی کەمئاوی تێدەپەڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ