رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ناتوانن پارەی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بدەن، بۆیە دەبێت یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە و دەشڵێت، وردبینی هەمواری یاسای بودجە لە قۆناخی کۆتاییدایە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو، رایگەیاند، "ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، ئەمە پشکێکی فیدراڵییە".
رۆژی 14-1-2024، دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی 618 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024ـدا.
رۆژی 1ی شوباتی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق 618 ملیار دیناری رەوانەی هەرێمی کوردستان كرد. دواتر لە ماوەی هەفتەیەک مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەشکرا.
سوودانی هەروەها ئاشکرای کرد، وەکو ئەنجوومەنی وەزیران لە قۆناخی وردبینیکردنن بۆ پرۆژەیاسای بودجە و دواتر بە مەبەستی هەموارکردنەوە رەوانەی پەرلەمانی دەکەن.
لەبارەی تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "ئەو پارەیەی دەدرێتە کۆمپانیاکان زۆرە، حکومەتی عێراقی ناتوانێت بیدات، بەو پارەشی حکومەتی عێراقی دەیدات کۆمپانیا نەوتییەکان ناتوانن کاربکەن، بۆیە دەبێت یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سوودانی باسی پرسی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کرد و گوتی، "عێراق لە ساڵی 2014 رێککەوتنی لەگەڵدا کردوون، ئێستا پێویستمان بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان نەماوە، بەڵکو پێویستمان بە پەیوەندی دیپلۆماسی دوو قۆڵی هەیە لەگەڵ ئەم وڵاتانە، پێشتر لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەمریکا و لیژنەی باڵای سەربازی لەگەڵیاندا باسی ئەو بابەتەمان کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ