رووداو دیجیتاڵ
ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە وەکو یەکێتی واژۆمان کۆ کردووەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان رۆژێک پێش هەڵبژاردن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاڵا تاڵەبانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان بڕیارمان دا کە 09-10-2021 پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێتەوە، بە مەرجێک رۆژێک دواتر هەڵبژاردنی بکرێت، بەڵام هێشتا دەنگدان ماوە و ئەمە بڕیارێکی سیاسی بوو لەگەڵ فراکسیۆنەکان."
هەروەها ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکەن بە مەرجێک کە رۆژێک دواتر هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، هەروەها لەگەڵ هەڵبژاردنێکی "پاک و بێگەرن" کە تێیدا خەڵی هەموو عێراق بە ئازادانە دەنگ بدەن.
فراکسیۆنی یەکێتی لە هەموو رێوشوێنەکان بۆ بڕیاردان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەشدار بووە. وەکو هەڵبژاردنی کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆ، دەنگدان بۆ هەمواری یاسای دادگەی فیدراڵی و یاسای هەڵبژاردن.
پێشتر ئاڵا تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆمەڵێک رێکاری گرتووەتەبەر بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت و "ئێمەش بەڵێنەکانی خۆمان جێبەجێکردووە، وەکو: دەرکردنی یاسای هەڵبژاردن بەشێوازێکی نوێ کە بوار بە هەموو لایەنەکان بدات، هەروەها پێشتریش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنمان دەستنیشانکرد کە لە کۆمەڵێک دادوەری بێلایەن پێکهاتبوون، هەروەها هەمواری یاسای دادگەی فیدڕاڵیمان پەسندکرد."
لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختیان کرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق بۆ 10ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دواخرا.
سەرەتا بڕیار بوو لە 6ـی حوزەیران هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بری 6/6/2021، پێشنیازی کرد هەڵبژاردنی پێشوەخت لە 16/10/2021 بەڕێوەبچێت، ئەوەش بەهۆی کەمیی ژمارەی هاوپەیمانی و لایەنە سیاسییە تۆمارکراوەکان لە کۆمیسیۆن بۆ بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنە، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەخت کەمیی کات بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ