شیعە بۆ سەرۆکوەزیران چاوەڕێی کۆدەنگییە لەبری زۆرینە؛ دوو بەربژێر رکابەری سەرەکین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی عەممار حەکیم لە بەغدا، شەوێکی "یەکلاییکەرەوە" بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو بەڕێدەکات، کاتێک سەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کۆدەکاتەوە. رکابەرییەکان لەنێوان دوو جەمسەری نێو شیعەیە کە هاوپەیمانێتییەکانی سوودانی و مالیکین. هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیەوێ لەبری زۆرینە، بە کۆدەنگی ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە لەنێوان دوو بەربژێری سەر بەو دوو جەمسەرە.
 
کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان شەوی دووشەممە 20ی نیسان لە نووسینگەی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە دەبێت. بەگوێرەی ئەمیندارێتى هاوپەیمانێتییەکە، ئەو کۆبوونەوەیە تایبەت دەکرێ بە یەکلاییکردنەوەی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران.
 
عەقێل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند، ناوی نوێ هەن بۆ ئەوەی یەکێکیان ببێتە بەربژێری سەرۆکوەزیران، لەنێو پێنج بۆ شەش بەربژێردا؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ناوێکی نوێ هەیە کە رکابەری دەکات، بەڵام ئامادە نەبوو بیدرکێنێت.
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، دوو بەربژێری سەرەکی و دوو رکابەری بەدەستهێنانی پۆستەکەن کە تاوەکو ئێستا یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسەی لەنێو ماڵی شیعە دواخستووە.
 
عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆچوون وایە کە بە کۆدەنگی بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەوە نەکرا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی پێکهێنەرانی هاوپەیمانێتییەکە بەربژێرەکە یەکلایی دەکرێتەوە".
 
دەبوو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رۆژی 18ی نیسان کۆببوایەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران. بە گوتەی عەلی دیفاعی، دواخستنەکە لەسەر داوای محەممەد شیاع سوودانی بووە بۆ ئەوەی زیاتر پرسەکە تاوتوێ بکرێ.
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی هەیە بە زیاتر لە 180 ئەندام، لە 12 لایەنی شیعە پێکهاتووە کە نوێنەرایەتی ئاراستە جیاوازەکانی ئەو پێکهاتەیە دەکەن.
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامى عێراق گوتی:" رکابەرییەکە لەنێوان محەممەد شیاع سوودانی و باسم بەدرییە کە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە. ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە کۆبوونەوەکەی ئەمشەو ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام دۆخی لەناکاویش لەبەرچاو دەگیرێ".
 
باسم بەدرى، سەرۆکى دەستەى لیپرسینەوە و دادوەرى عێراقە و بە جێگرەوەى نوورى مالیکى لە بەربژێر بوون بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران هەژمار دەکرێ. 
 
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە 15 رۆژ لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە پەرلەمان، بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێردرێ، بەو پێیە تاوەکو شەش رۆژی دیکە لەبەردەم شیعەکاندایە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێرەکەیان.
 
محەممەد خالیدی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە رووداوی راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی بەربژێریانە و نە جێگرەوە و نە بەربژێری سازان قبووڵ ناکەن.
 
بە گوتەی خالیدی، لەنێو 12 ئەندامەکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هەشتیان لەگەڵ ئەوەدان سوودانی ببێتەوە سەرۆکوەزیران، بەڵام چاوەڕێی کۆدەنگی دەکەن.
 
لەدوای راسپاردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، دەبێت لە 30 رۆژدا کابینەکەی حکومەت و کارنامەکەی بباتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ئاسمانی بەسرە. وێنە: بڵند تاهیر-رووداو

"عێراق لە لیستی 15 پیسترین وڵاتانی جیهانە"؛ وەزارەتی ژینگە وزەی خۆر بە رێگەچارە دەزانێت

روانگەی عێراقی سەوز هۆشداری دەدات لەوەی عێراق یەکێکە لەو 15 وڵاتەی هەواکەیان لەسەر ئاستی جیهان پیسترینە. وەزارەتی ژینگەی عێراقیش رایدەگەیەنێت، سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر تاکە رێگەیە بۆ کەمکردنەوەی گازی کاربۆن و بە مەبەستی پاراستنی ژینگە.