ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: هەفتەی داهاتوو رێنوێنییەکانی جێبەجێکردنی بودجە بڵاودەکرێنەوە

20-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو رێنوێنییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2023 لە رۆژنامەی وەقائیعی فەرمیی عێراق بڵاودەکرێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەوە مانگانە پارەی زیاتر بگاتە هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023 جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق و جێبەجێکردنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی دارایی عێراق رێنوێنییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی تەواو کردووە و ئامادەی کردووە، هەفتەی داهاتوو لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاودەکرێتەوە، دوای ئەوەش یاسای بودجە جێبەجێ دەکرێت و دەست بە خەرجکردنی پارە دەکرێت."
 
سەبارەت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، جەمال کۆچەر گوتی، "ئێستا پارە بۆ هەرێمی کوردستان بە بڕی کەم و ماوەی جارێک و جۆراوجۆر دێت، بەڵام دوای بڵاوکردنەوەی رێنوێنییەکانی وەزارەتی دارایی، ئیدی یاسای بودجە جێبەجێ دەکرێت و مانگانە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و پارەی زیاتر رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
 
یاسای بودجەى گشتیى عێراق بەرەبەیانى 12ى حوزەیرانى 2023 لە پەرلەمانى عێراق پەسندکرا؛ لە 21ى حوزەیران لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق یاساکەى پەسند رد و رەوانەى وەزارەتى دادى کرد بۆ ئەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوبکرێتەوە، کە دوا قۆناخى بەر لە کارابوونى یاساکەیە.
 
یاساى بودجە لە 78 مادە پێکهاتووە، لە کاتێکدا بەر لە ئەنجامدانى گۆڕانکارى لە هەندێک لە بڕگەکانیدا لە پەرلەمان 67 مادە بوو، کاتێک لە حکومەتەوە نێردرا.
 
رۆژی 26ى حوزەیرانى 2023 ژمارەیەکى نوێى رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە، کە یاساى بودجەى گشتیى تێدایە، یاساکە بۆ ساڵانى 2023، 2024، 2025ـە و قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە