بۆ چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن، عێراق بێ بەرامبەر ڤیزا دەداتە هاووڵاتییانی چوار وڵات

20-08-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن ڤیزا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی بێ بەرامبەر ڤیزا دەداتە هاووڵاتییانی چوار وڵات، کە بەمەبەستی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن، سەردانی عێراق دەکەن.
 
د. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی سەردانیکارانی یادی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن بەتایبەت بۆ پارێزگای کەربەلا، رایگەیاند "نێردەکانمان بەبێ بەرامبەر، ڤیزا دەدەنە هاووڵاتییانی پاکستان، ئەفغانستان، لوبنان و یەمەن، کە دەیانەوێت بۆ یادی چلەی ئیمام حوسێن سەردانی عێراق بکەن، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە دەتوانن لە رێگەی هەر نێردەیەکی دیکەی عێراقیشەوە داواکاری بکەن."
 
سەحاف دەڵێت "سەردانیکارانی پاکستان دەتوانن لە رێگەی باڵیۆزخانەکەمانەوە لە شاری ئیسلام ئاباد و بەبێ بەرامبەر ڤیزای عێراق وەربگرن." هەروەها نێردەکانیان لە تاران و کرماشان و ئەهوازەوە بەبێ بەرامبەر ڤیزا دەدەنە هاووڵاتیانی پاکستان و ئەفغانستان، ئەوانەی دەیانەوێت سەردانی عێراق بکەن.
 
سەبارەت بە سەردانیکاران لە هیندستانەوە، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، نێردەکانیان لە هەریەک لە شارەکانی دێلهی و مۆمبایەوە ڤیزا دەدەن، بەو نرخە فەرمییەی دیاریکراوە.
 
د. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوە کردووە، سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی ئاماژەیان بۆ کراوە، لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە دێنە نێو عێراق، کە لەلای دەستەی گەشتوگوزاری عێراقەوە تۆمارکراون، جگە لەوەش پشت بە ستیکەرێک دەبەسترێت، کە لە پاسپۆرتی ئەو سەردانیکارانە دەدرێت و خەسڵەتی سەردانی ئایینی هەیە.
 
هاووڵاتییانی لوبنانیش دەتوانن بۆ چلەی ئیمامی حوسێن، سەردانی عێراق بکەن لە رێگەی وەرگرتنی ڤیزا لە باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان.
 
ئیمامی حوسێن، کوڕی ئیمامی عەلی، چوارەم جێنشینی پەیامبەری ئیسلامە، ساڵانە لە یادی چلەی ماتەمینییەکەیدا، شیعەکانی جیهان روو لە عێراق دەکەن بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکان کە لە کەربەلا بەڕێوەدەچن. ساڵانە نزیکەی 4 بۆ 5 ملیۆن ئێرانیش بۆ ئەو مەبەستە، سەردانی عێراق دەکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە