رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێ، بەیانیی ئەمڕۆ بنکەیەکی تەندروستیی سەربازی لە ناوچەی حەبانیە لە پارێزگای ئەنبار کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا حەوت ئەندامی هێزە سەربازییەکەیان گیانیان لەدەستداوە و 13ی دیکەش بریندار بوون. وەزارەتەکەش هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ کاژێر 09:00ی بەیانی، بنکەی تەندروستیی سەربازیی حەبانییەی سەر بە وەزارەتی بەرگری، رووبەڕووی "هێرشێکی ئاسمانیی ناڕەوا" بووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماری قوربانییەکانی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، "لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی نیشتمانی و مرۆییاندا، حەوت لە ئەندامانی هێزە قارەمانەکانمان شەهید بوون و 13ی دیکەش بریندار بوون." ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکو ئێستا تیمەکانی فریاکەوتن لەنێو شوێنی رووداوەکەدا سەرقاڵی گەڕان و پشکنینن.
وەزارەتی بەرگریی عێراق هێرشەکەی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا و مەترسیدار"ی هەموو یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان ناوبردووە، کە پارێزبەندییان داوەتە ناوەندە تەندروستییەکان و کارمەندەکانیان. وەزارەتەکە دەڵێت، "ئەم کارە تاوانکارییە پێشهاتێکی مەترسیدارە و پێویستە رابگیرێ و لایەنە بەرپرسەکان سزا بدرێن، چونکە بەئامانجگرتنی ناوەندی تەندروستی کە کاری رزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکانە، تاوانێکی قێزەونە."
وەزارەتی بەرگری باس لەوە دەکات، "مافی تەواوی خۆمان دەپارێزین بۆ گرتنەبەری هەموو رێکارە پێویستەکان بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژییە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو رێکارە یاساییانەی کە پەسندکراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ