رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق مافی وەڵامدانەوەی سەربازی دەداتە هێزە چەکدارەکانی، بەڵام سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەکان بۆ رووداو ئاشکرای دەکەن کە وڵاتەکە هیچ سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی نییە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان و تەنیا پشت بە سیستمی پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەبەسترێت.
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی "نائاسایی و بەپەلە"ی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی کرد. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە لێکەوتەکانی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکە لەسەر عێراق.
مافی وەڵامدانەوە؛ "عێراق هیچ توانایەکی ئەوتۆی نییە"
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڕیاری دا کە هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی سەرپشکن لە "رووبەڕووبوونەوە و وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە سەربازییانەی بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن دەکرێنە سەر بارەگا و پێکهاتە ئەمنییە فەرمییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی هێزە چەکدارەکان بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان، ئەوەش لەسەر بنەمای مافی وەڵامدانەوە و بەرگری لەخۆکردن."
سەرەڕای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە ئاسمانی و درۆنییەکان، دوو سەرچاوەی باڵای ئەمنیی عێراق بە رووداویان راگەیاند، لە دۆخی ئێستادا عێراق هیچ توانایەکی ئەوتۆی نییە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان.
سەرچاوەکان دەڵێن، "ئێستا عێراق هیچ سیستمێکی بەرگریی تایبەت بە خۆی نییە و ئەوەی هەیە تەنیا ئەو سیستمە بەرگرییەیە کە لەنێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا دایە." یەکێک لە سەرچاوەکان هۆشداریدەدات کە پێدانی مافی وەڵامدانەوە بە گرووپە چەکدارەکان دەستی ئەوان واڵاتر دەکات و دەبێتە هۆی زیاتربوونی گرژییەکان و رەنگە هێرشی سەر هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات.
تێکشکانی رادار و هێلیکۆپتەری ئەمریکی لە بەغدا
سەرچاوەیەکی باڵا لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق زانیاریی نوێی بە رووداو دا و گوتی، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانەوە، پەلە دەکرێت لە چۆڵکردنی بنکەی پاڵپشتیی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا.
لە رابردووشدا کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر روونیکردووەتەوە کە ئەو بنکەیە لە ساڵی 2011ـەوە وەک بنکەی سەربازی نەماوە و بنکەیەکی دیپلۆماسیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە ئەمنییەکە، رۆژی 23ی ئەم مانگە، گرووپە چەکدارەکان بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکە و تێیدا رادارێکی پێشکەوتووی جۆری (AN/MPQ – 64 Sentinel) و هێلیکۆپتەرێکی جۆری (UH- 60M) یان تێکشکاندووە.
سەرچاوەکەی رووداو جەختی کردەوە کە "نە هێزەکانی ناتۆ و نە هیچ هێزێکی دیکەی بیانی لە عێراق نەماون و تەنیا هەندێک کەلوپەلی هێزەکانی ناتۆ ماون کە لەم رۆژانەدا دەگەڕێنرێنەوە."
بانگهێشتکردنی باڵیۆزانی ئێران و ئەمریکا
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راسپێردراوە بۆ ئامادەکردنی سکاڵای فەرمی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. حکومەتی عێراق بڕیاری دا بە بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ئێران و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بۆ پێدانی یاداشتی تووندی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو هێرشانەی کرانە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بارەگاکانی پێشمەرگە لە هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ