رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێرانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە ئەمڕۆ دوا وادە بوو، بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە درێژکردەوە. هەروەها بڕیاری دا ژمارە 56 لە زنجیرەی لیستی ناوی بەربژێران هەڵبگیرێت.
رۆژی یەکشەممە 20-08-2023 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دا وادەی پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بۆ دوو رۆژی دیکە درێژبکرێتەوە، واتە دوا وادە بۆ پێشکێشکردنی لیستەکان رۆژی سێشەممە، 22ی ئاب دەبێت و تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمی دەتوانرێت لیستی ناوەکان پێشکێش بکرێت."
بە گوتەی عیماد جەمیل، ئەو رێکارە نوێیە بۆ پێدانی دەرفەتی زیاترە بە لایەنەکان بۆئەوەی لیستی ناوەکان پێشکێش بکەن.
سەبارەت بە هەڵگرتن و لابردنی زنجیرەی 56 لە لیستی ناوە پێشکێشکراوەکان، عیماد جەمیل گوتی، "لە زنجیرەی ناوەکانی ئەو لیستانەی پێشکێش دەکرێن نابێت ژمارە 56ی تێدابێت و ئەمڕۆ بڕیار لەوبارەیەوە دراوە، چونکە ئەو ژمارەیە لە عێراقدا ئاماژەی خراپی هەیە."
لە عێراق 56 پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە نییە، بەڵکو ئەو ژمارەیە لەو وڵاتە ئاماژە و ناوبانگێکی خراپی هەیە و زۆر جار دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی، هۆکارەکەشی ئەوەیە مادەی 456ی یاسای سزادانی عێراق باسی تاوانەکانی فێڵ و تەڵەکەبازی دەکات، بەو پێیە ماوەی چەند ساڵێکە عێراقییەکان ژمارە 56 وەکو ئاماژەی خراپ دەدەنە پاڵ ئەو کەسانەی کە فێڵ و ساختەکاری و تەڵەکەبازی دەکەن و بەو ژمارەیە ناویان دەهێنن کە کورتکراوەی ژمارەی مادەکەی یاسای سزادانی عێراقە، زۆرجار بۆ بەشێک لە سیاسەتمەداران و حیزبە سیاسییەکانیش بەکاریدەهێنن.
رۆژی 15ى تەممووز، تۆمارکردنى ناوی بەربژێرانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دەستیپێکرد و لە 1ى ئەیلوول تیروپشکى ژمارەى بەربژێر و هاوپەیمانێتییەکان دەکرێت.
ژمارەى ئەو هاوپەیمانێتیانەى کە لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژادنەکان تۆمارکراون گەیشتووەتە 52 هاوپەیمانى کە 32یان نوێن.
لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 و بۆ یەکەمجار لەدواى 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ