رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، 542 بەربژێری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوورخراونەتەوە و بەشی زۆریشیان پەیوەندیی بەوەوە هەیە، گوایە پەیوەندییان بە حیزبی بەعسی قەدەخەکراوەوە هەبووە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆی گشتیی ئەو بەربژێرانەی تاوەکو ئێستا دوورخراونەتەوە، گەیشتوونەتە 542 بەربژێر."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320یان گشتی و 9ەکەی دیکە کۆتان؛ زیاتر لە 7900 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردن بەربژێر کردووە.
بە گوتەی عیماد جەمیل، هۆکاری دوورخستنەوەی بەربژێرەکان بەم شێوەیەیە:
لێپرسینەوە و دادپەروەری؛ 253 بەربژێر
گۆڕینیان لەلایەن لایەنەکانیانەوە؛ زیاتر لە 160 بەربژێر
رێگریی یاسایی؛ 100 بەربژێر
بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری؛ 15 بەربژێر
کۆتای کریستیانەکان؛ 10 بەربژێر
ساختەکاری؛ 4 بەربژێر
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن.
لە دەستووردا لە بەرامبەر هەر کورسییەک 100 هەزار دەنگ دانراوە، بەڵام بەهای هەر کورسییەکی پەرلەمان بەگوێرەی رێژەی بەشداریی دەنگدەران دەگۆڕدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ