رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی نوجەبا باس لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانیان دەکات؛ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش دەڵێت، پێویستە رووبدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئابی 2025 حوسێن موسەوی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا و گوتەبێژی بزووتنەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڕەشەی راستەقینە و بەردەواممان لەسەرە. زانیاریمان لەبارەی هێرشکردنە سەر هێزەکانمان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەدەست گەیشتووە."
لەبارەی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی کە بەشی زۆری فراکسیۆنە شیعەکان دەیانەوێت لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، حوسێن موسەوی گوتی، "پڕۆژەیاساکە رەوایەتی بە حکومەتی عێراق دەدات، هەرچەندە دەزانین تێڕوانین و ویستی ئەمریکا ئەوەیە پڕۆژەیاساکە دەنگی پێنەدرێت، چونکە ئەو دەیەوێت عێراق هێزێکی راستەقینەی تێدا نەبێت."
پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، جێگرەوەی یاسایەکە لە ساڵی 2016 لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر درا، ئامانجیش لێی ئەوەیە رەوایەتیی یاسایی بدرێتە پێکهێنانی دەستەی حەشدی شەعبی.
بزووتنەوەى نوجەبا، گرووپێکى چەکداریى شیعەی عێراقە و یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی حەشدی شەعبی کە نزیکەی 10 هەزار چەکداری هەیە.
گوتەبێژی نوجەبا ئاماژەی بەوە کرد، "جووڵەی گرنگ و گەورە لەنێوخۆی شیعەکان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە لە کاتی پێویستدا هەیە."
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014 لەسەر داوای حکومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاتوونەتە عێراق.
لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا حوسێن موسەوی رایگەیاند، "هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ئامادەکاری بۆ کشانەوە دەکەن، ئەوەش لای ئێمە شتێکە کە پێویستە رووبدات."
بنکەى عەین ئەسەد لە ئەنبار، زۆرترین مەشقپێکارى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژی داعشى بە سەرکردایەتیى ئەمریکا تێدایە.
لەسەر هەمان پرس، سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای ئەنبار بە رووداوی گوت، "هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە بنکەی عەین ئەسەد دەستیان بە کشانەوە کردووە و بەرەو سووریا دەڕۆن."
سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای ئەنبار هیوای خواست کشانەوەی ئەمریکا "کاریگەری نەرێنی" لەسەر ئاسایشی پارێزگاکە نەبێت.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014دا هێزی ئەمریکا و دواتریش ژمارەیەک وڵاتی دیکە لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتنەوە هەرێمی کوردستان و عێراق بە مەبەستی یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە تێکشکاندنی داعشدا.
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ