رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پیاوماقووڵانی سابیئەی مەندائی دەڵێت، لە 5 مانگدا زیاتر لە 50 خێزانی سابیئە عێراقیان جێهێشتووە. ئاماژە بەوەش دەکات، دژی ئەو هەوڵانە دەوەستنەوە کە دەیانەوێت گەنجەکانیان بکەنە ئەندام لەنێو هێزەکانی حەشدی شەعبی.
غانم هاشم، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیاوماقووڵانی سابیئەی مەندائی، ئەمڕۆ چوارشەممە 20-08-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆچی پێکهاتەکەمان لە ساڵی 2005ـەوە بەردەوامە. لە 5 مانگی رابردوودا نزیکەی 50 بۆ 60 خێزانی سابیئە لە پارێزگاکانی بەسرە، میسان، بەغدا و کەرکووکەوە بەرەو تورکیا و ئوردن کۆچیان کردووە بۆ ئەوەی لەوێوە بچنە وڵاتانی دیکە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پیاوماقووڵانی سابیئە هۆکاری کۆچکردنەکەی بۆ "دۆخی خراپی ئابووری و نەبوونی هەلی کار" گەڕاندەوە، بەتایبەتی کە زۆرینەی سابیئەکان کاری زێڕینگەری دەکەن و ئەو پیشەیەش لە ساڵانی رابردوودا پاشەکشەی بەرچاوی کردووە.
غانم هاشم رەخنەی لە هەوڵێک گرت بۆ تۆمارکردنی ناوی گەنجانی پێکهاتەکەیان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا و گوتی، "نزیکەی 60 بۆ 70 گەنجی سابیئە ناویان تۆمارکراوە تاوەکو ببنە حەشدی شەعبی بۆ ئامانجی سیاسی، بەڵام من دژی وەستامەوە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پیاوماقووڵانی سابیئەی مەندائی دەپرسێ، "بۆچی سابیئەکان لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی یان وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی ناوخۆیی دامەزراندنیان بۆ نییە؟" ئاماژەی بەوەش دا، گەنجەکان بەهۆی بێکارییەوە ناچار بوون پەنا بۆ حەشدی شەعبی ببەن بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی خێزانەکانیان.
سابیئەی مەندائی یەکێکن لە دێرینترین ئایینەکانی عێراق و شوێنکەوتووانیان بەشێوەیەکی سەرەکی لە پارێزگاکانی باشووری عێراق و بەغدا نیشتەجێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ