'گەورەترین گای باڵدار' لە نەینەوا دۆزرایەوە

20-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گایەکی دیکەی باڵدار لە پارێزگای نەینەوا دۆزرایەوە کە باوەڕ وایە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 2700 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. 
 
روەیدا موفەق، پشکنەری شوێنەوار و کەلەپووری نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گایەکە لە مزگەوتی پێغەمبەر یونس (د.خ) لە کۆشکی شا ئەسرحەدۆنە لەلایەن لیژنەی هاوبەشی عێراقی - ئەڵمانییەوە دۆزراوەتەوە. گایەکە دووەم جوانترین گای باڵدارە و لە بەرد دروستکراوە."
 
باوەڕ وایە مێژووی ئەم پارچە شوێنەوارییە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ئاشووری و سەردەمی شا ئەسرحەدۆن، واتە نزیکەی 2700 ساڵ پێش ئێستا بگەڕێتەوە. 
 
ئیمپراتۆریەتیی ئاشووری گرنگیی زۆری بە رازاندنەوەی کۆشک و دەروازەکانی بە گای باڵدار دەدا کە شێوازەکانیان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە جیاواز بوو.
 
گای باڵداری یەکەم لە هەمان شوێن لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دۆزرایەوە.
 
لە ساڵی 2015دا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر مۆزەخانەی شاری موسڵ و دەیان پەیکەری شوێنەوارییان تێکشکاند.
 
ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیریی عێراق، دوێنێ هەینی سەردانی شوێنەکەی کرد بۆ ئاگاداربوون لە دۆزینەوەکە و رایگەیاند: "گەورەترین پەیکەری گای باڵدار لە مێژووی دەوڵەتی ئاشووریدا دۆزرایەوە کە بەرزییەکەی نزیکەی 6 مەتر دەبێ. ئەم پەیکەرە لەنێو هۆڵی شاهانەی کۆشکی شا ئەسرحەدۆن لە موسڵ دۆزرایەوە."
 
ئەحمەد بەردانی گوتی: "کارەکانی گەڕان ئاماژە بۆ بوونی وێنەی دیکەی بچووکتر دەکەن". 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە