رووداو دیجیتاڵ
بەپێی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێکسۆن مۆبیل، گەورە کۆمپانیای ئەمریکیی بواری نەوت، بیر لەوە دەکاتەوە پشکەکانی کۆمپانیای لوکئۆیلی رووسی لە کێڵگەی نەوتی 'قورنەی رۆژئاوای 2' لە عێراق بکڕێتەوە.
ئەو کێڵگەیە یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی لوکئۆیل لە دەرەوەی رووسیا.
رۆژی هەینیی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، 13ـی مانگی داهاتوو دوایین وادەیە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت پشکەکانی لوکئۆیل لە دەرەوەی رووسیا بكڕنەوە بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆکان بکەن.
ئێکسۆن مۆبیل پێشتر لە کێڵگەی 'قورنەی رۆژئاوای 1' کاری کردبوو، بەڵام لە 2024 پشکەکانی فرۆشت.
کۆمپانیا رووسییەکەش پێشتر نیازی خۆی ئاشکرا کردووە بۆ فرۆشتنی بەشێك لە پشک و پڕۆژەکانی لە دەرەوەی رووسیا، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی رابردوودا ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاند، ئەوەش وەک گوشارێک بۆ سەر رووسیا بۆ راگرتنی شەڕی ئۆکراینا و کەمکردنەوەی داهاتەکانی.
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ڤاگیت ئالێکپێرۆڤ، بەڕێوەبەری گشتیی لوکئۆیل کۆبووەوە و باسیان لە کارەکانی لوکئۆیل لە عێراق دوای سزاکانی ئەمریکا کردبوو.
بەهۆی سزاکانەوە، لوکئۆیل دۆخی نائاسایی لە کێڵگەی قورنەی رۆژئاوای 2 لە عێراق راگەیاندووە.
کێڵگەی قورنەی رۆژئاوای 2 گەورەترین کێڵگەی نەوتی عێراقە و بەرهەمی رۆژانەی نزیکەی 480 هەزار بەرمیلە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ