بەرپرسێکی رەوتی حیکمە: مستەفا کازمی یەکێکە لە بەربژێرانی پۆستی سەرۆکوەزیران

20-11-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی رەوتی حیکمە دەڵێت، هەفتەی داهاتوو لیژنەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەڵبژاردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو چاوپێکەوتن لەگەڵ بەربژێرەکان دەکات. ئاشکراشی دەکات، مستەفا کازمی یەکێکە لە بەربژێرەکان و، "مەرجی سەرەکی ئەوەیە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو نە حزب دابمەزرێنێت و نە خۆی بەربژێر بکاتەوە."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەهد جبووری، ئەندامی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو لیژنەیەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەڵبژاردنی بەربژێری سەرۆکایەتیی وەزیران پێکیهێناوە، لە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، هومام حەموودی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەبشر یا عێراق و عەبدولسادە فرێجی، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی پێکهاتووە و ئەوان چاوپێکەوتن لەگەڵ بەربژێرانی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دەکەن.
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی رەوتی حیکمە، هەریەکە لە "محەممەد شیاع سوودانی، نووری مالیکی، هادی عامری، مستەفا کازمی، عەدنان زورفی، ئەسعەد عیدانی، حەمید شەتری و قاسم ئەعرەجی، بەربژێرن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و لیژنە تایبەتمەندەکە لە هەفتەی داهاتووەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکات."
 
لەبارەی هۆکاری بەربژێرکردنەوەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، فەهد جبووری گوتی، "کازمی پەیوەندییەکی باشی نێودەوڵەتیی هەیە و بۆ ئەم دۆخە دەگونجێت، لە نێوخۆشدا کێشەیەکی ئەوتۆی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە."
 
جبووری جەختی لەوە کردەوە، "مەرجی سەرەکی بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ بوون بە سەرۆکوەزیران ئەوەیە، نە حزب پێکبهێنێت و نە خۆی بەربژێر بکاتەوە."
 
لایەنە شیعەکان، کە زۆربەیان لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا زیاتر لە 180 کورسییان بە دەستهێنا.
 
رێکارەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەر لە پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە دەستیپێکردووە، بەبێ پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی، پەرلەمان ناتوانێت کۆببێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە