ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: راکان جبووری دەستگیرکراوە

21-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیێنێت، راکان جبووری، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بە وەکالەت، لە بەغدا دەستگیرکراوە.
 
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە، 21ی نیسانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە، راکان جبووری لە شاری بەغدا دەستگیرکراوە".
 
بە گوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، "لەسەر چەند کەیسێکی گەندەڵی دادگە داوای راکان جبووری کردبوو، بەڵام ئامادە نەبووە بچێتە دادگە، بەگوێرەی یاسا ئەگەر لە ماوەی 72 کاژێردا نەچێتە دادگەکە بڕیارەکە بۆ فەرمانی دەستگیرکردن دەگۆڕێت، بەهۆیەوە بڕیارەکە بۆ فەرمانی دەستگیرکردن گۆڕاوە و  ئەمڕۆ لە بەغدا دەستگیرکراوە".
 
راکان جبووری پارێزگاری پێشووتری کەرکووک بەوەکالەت، لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی عەرەب و دووی ئەندامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامێکی بەرەی تورکمانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کردووە.
 
کاروان عوسمان، بەرپرسی بەشی سکاڵاکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 17ی نیسان، دادگەی دەستپاکی کەرکووک فەرمانی بانگهێشتکردنی راکان جبووریی دەرکردووە، بەڵام نەچووەتە بەردەم دادگەکە، بەگوێرەی یاساش ئەگەر لە ماوەی 72 کاژێردا نەچێتە بەردەم دادگەکە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەکرێت."
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگەی رەسافە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "راکان جبووری 5 دۆسیەی لەسەرە، پێشتر لە دادگەی کەرکووکەوە گواستراوەتەوە بۆ دادگەکانی بەغدا."
 
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، دادوەری لێکۆڵینەوە ئەمڕۆ سەبارەت بە دوو دۆسیەی گەندەڵی، "لێکۆڵینەوەی کردووە و بڕیاری راگرتنی راکان جبووریی دەرکردووە. دادوەر بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە کاری فەرمانبەر و بەرپرسی کارگێڕی و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی راگیراوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، 8 سکاڵا لەسەر راکان جبووری تۆمار کراون، بەڵام لەسەر داوای سکاڵاکارەکان 5 دۆسیەی گواستراوەتەوە بۆ دادگەی بەغدا، بەهۆی نەجوڵاندنی لە کەرکووک، "لەنێو دۆسیەکاندا دوو کەیسی گەندەڵی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا هەن، لە هەریەکەیان بە بڕی 500 ملیۆن دینار پارە دیار نەماوە، دۆسیەیەکی دیکەش سەبارەت بەوەیە 21 موڵک بەناوی خێزانەکەیەوەیە تەنیا لە یەک گەڕەکی کەرکووک، کە گومان لە گەندەڵی تێیدا هەیە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

گوتێرێز لەبارەى کەمپى هۆل و رۆژ نامەیەک بۆ سوودانى دەنێرێت

سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەک لەبارەى هەردوو کەمپى هۆل و رۆژ لە رۆژئاواى کوردستان بۆ محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەنێرێت و باس لە پرسى گەڕانەوەی عێراقییەکانى ئەو دوو کەمپە و گرنگیى شیاندنەوەیان دەکات.