رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ زیاتر لە 150 خێزان لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێنرێنەوە عێراق.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 21-06-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ 150 بۆ 180 خێزان کە لە دەرەوەی کامپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێن، دەگەڕێنرێنەوە عێراق؛ ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەیان خێزانی چەکدارانی پێشووی داعشن.
ئەندامەکەی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان دەڵێت، پاسەکان لە دوێنێوە لە عێراقەوە گەیشتوونەتە رۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئەو خێزانانە بگەڕێننەوە عێراق و لە کامپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا جێگر دەکرێن.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، 56 هەزار کەسی خەڵکی وڵاتانی جیاواز لە کامپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان دەمێننەوە.
کامپەکە دەکەوێتە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدە دایە.
تائێستا 10 کاروان خێزان لە کامپی هۆلەوە گەڕێنراونەتەوە عێراق. یەکەم کاروان لە 06-05-2021 بوو کە 95 خێزان بوو؛ دوایین کاروانیش رۆژی 04-06-2023 بوو کە 148 خێزانی چەکدارانی پێشووی داعش بوو؛ تائێستا نزیکەی 1376 خێزان گەڕێنراونەتەوە.
بەگوێرەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، نزیکەى 25 هەزار هاووڵاتیى عێراقى کە کەسوکارى چەکدارانى داعشن لە کامپى هۆل ماون و زۆرینەیان منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ