راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: گرێبەستی هیچ کۆمپانیایەکی سوێدی لە عێراق هەڵنەوەشاوەتەوە

21-07-2023
هیدایەت جان
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوێد پچڕاند و راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت، ئەو بڕیارە پەیوەندی بە کەرتی بازرگانییەوە نییە و رێگە لە کارکردنی هیچ کۆمپانیایەکی سوێدیش لە عێراق نەگیراوە.
 
رۆژی هەینی 21ـی تەممووزی 2023 د. فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە میوانی بوولتەنی کاژێر 20:00ـی رووداو بوو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد و رایگەیاند، "بڕیاری دەرکردنی دیپلۆماتانی سوێد لە عێراق پەیوەندی بە کەرتی بازرگانییەوە نییە و رێگە لە کارکردنی هیچ کۆمپانیایەکی سوێدی لە عێراق نەگیراوە." گوتیشی، "حکومەتی عێراق رێز لە هەموو ئەو گرێبەستانە دەگرێت کە لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکییەکان واژۆی کردوون." 
 
هەنگاوەکەی حکومەتی عێراق لە وەڵامی هەوڵێکی سەلوان مۆمیکا، پەناخوازی عێراقیی دانیشتووی سوێد هات کە رۆژی پێنجشەممە ویستی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق لە ستۆکهۆڵم بسووتێنێت.
 
بەگوتەی فەرهاد عەلائەدین، "ئەو کەسەی لە سوێد قورئانی سووتاندووە، مافی پەنابەرێتی وەرنەگرتووە و ئامانجیشی لەم کارە ئەوە بووە مافی پەنابەری پێ بدەن؛ بۆیە یاسای سوێدی قۆستووەتەوە. دەبوایە سوێد بیری لەوە کردبایەوە کە ئەم کارە بێرێزیکردنە بە بیروباوەڕی زیاتر لە دوو ملیار موسڵمان." 
 
دوای هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و سووتاندنی بەشێکی کە سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە روویدا، بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و عێراقیان بەوە تۆمەتبارکرد کە توانای پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی لەنێو خاکەکەیدا نییە و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو بارەوە دەڵێت، "حکومەتی عێراق گەرەنتی بە هەموو لایەک دەدات کە ئەو بابەتە دووبارە نابێتەوە و باڵێۆزخانە و سەرجەم شوێنە دیپلۆماسییەکان پارێزراو دەبن و ئەو جۆرە رووداوانە چیدیکە روونادەنەوە." 
 
فەرهاد عەلائەدین دەڵێت، "دوابەدوای هێرشەکەی سەر باڵێۆزخانەی سوێد، حکومەتی عێراق هێرشەکەی شەرمەزار کرد و سەرۆکوەزیران لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان کۆبووەوە و رایسپاردن لێکۆڵینەوە بکەن بۆ ئەوەی ئەو کەس و لایەنە ئەمنییانەی ئەرکەکانیان جێبەجێنەکردووە بۆ رێگریکردن لە سووتاندن و هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەکە، سزابدرێن." 
 
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی فراوان دەستیپێکردووە و رەنگە کەسانێکی زۆر بە سزای خۆیان بگەن لەبەر ئەوەی هێشتوویانە ئەمە رووبدات." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.