رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گواستنەوە بۆ پەیوەندیی ئەمنیی دوولایەنە کرایەوە.
رۆژی دووشەممە، 21ی تەمموزی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەگەڵ ژەنەڕاڵ مایکڵ کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و شاندی یاوەری کۆبووەوە. دیدارەکە بە ئامادەبوونی ستیڤ فاگن، هەڵسوڕێنەروی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەڕێوەچوو.
سوودانی بەخێرهاتنی شاندەکەی کردووە، کە پێکهاتبوو لە عەمید کێڤن لامپارت، فەرماندەی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی تیرۆر لە عێراق و سووریا و ژەنەڕاڵ کێڤن لێهی، فەرماندەی پێشووی هاوپەیمانان.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی هاوکاری نێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و قۆناخەکانی پەرەسەندنی کرا، هەروەها ئامادەکاری بۆ گواستنەوە بۆ پەیوەندیی ئەمنیی دوولایەنە لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان تاوتوێ کرا. جگە لەوەش، گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان، هاوکاری و هاوئاهەنگیی ئەمنی و پێشهاتەکانی سووریا و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کرا."
سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە کە پێویستە گرنگیی سەپاندنی سەقامگیری و دوورکەوتنەوە لە هۆکارەکانی فراوانبوونی ململانێکان و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان هەبێت کە پشت بە پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان دەبەستێت. هەروەها جەختی لە کاراکردنی چالاکییە دیپلۆماسییەکان و هاوکاری لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە.
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا هەن، هەروەها 900 سەربازیش لە سووریان لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش.
سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، رۆژی 6ی حوزیرانی رابردوو لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، گوتی، "هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامە و بەغدا هیچ ئاگادارییەکی پێنەگەیشتووە سەبارەت بە گۆڕینی کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق؛ پێشبینیش دەکرێت لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا هاوپەیمانان هەندێک شوێن چۆڵ بکەن و بچنە هەرێمی کوردستان."
وەزیری بەرگریی عێراق راشیگەیاند، هیچ ئاماژەیەکیان لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بە گۆڕانکاری لە بڕیارەکان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا؛ داواشیان لێ نەکراوە رێگە بە زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ