رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیکردەوە بڕیاری دوورخستنەوەی راکان جبووری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق درابێت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن بڕیاری دوورخستنەوەی راکان جبووری، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بە وەکالەتی نەداوە، ئەو هەواڵانەی لەبارەوە باس دەکرێن دوورن لەراستییەوە."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، تەنانەت ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆنەبووەتەوە، تاوەکو بڕیاری لەم شێوەیە بدات و لە چەند رۆژی رابردووش بڕیاری لەم شێوەیە نەدراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لەمیدیاکان هەواڵی دوورخستنەوەی راکان جبووری بڵاوبووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 21ـى نیسانی 2025، راکان جبوورى بە فەرمانى دادگەی رەسافە راگیرا و دواتر بە کەفالەت ئازاد کرا، ئەمەش دوای ئەوەی بە تۆمەتی گەندەڵی چەند سکاڵایەکی لەسەر تۆمار کرابوو. لەوانە بەکارهێنانی بودجەی ئاوەدانکردنەوە بۆ میوانداری، گەڕاندنەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر، کە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. دانانى کەسێک بە "نایاسایی" لە پۆستى راوێژکارى پارێزگار، سەرپێچى لە وەرگرتنى هاوکارییەک و دابەشکردنى لە ساڵى 2021.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، 8 سکاڵا لەسەر راکان جبووری تۆمار کراون، بەڵام لەسەر داوای سکاڵاکارەکان 5 دۆسیەی گوێزراوەتەوە بۆ دادگەی بەغدا، "لەنێو دۆسیەکاندا دوو کەیسی گەندەڵی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا هەن، لە هەریەکەیان بە بڕی 500 ملیۆن دینار پارە دیار نەماوە، دۆسیەیەکی دیکەش سەبارەت بەوەیە 21 موڵک بەناوی خێزانەکەیەوەیە تەنیا لە یەک گەڕەکی کەرکووک، کە گومان لە گەندەڵی تێیدا هەیە."
پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگەی رەسافە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "راکان جبووری 5 دۆسیەی لەسەرە، پێشتر لە دادگەی کەرکووکەوە گواستراوەتەوە بۆ دادگەکانی بەغدا."
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئابی 2025 بە رووداوی گوت، هەر بەربژێرکی دوورخراوە لەماوەی سێ رۆژ دوای دەرکردنی بڕیاری دوورخستنەوەی،دەتوانێت لە دەستەی دادوەریی کۆمیسیۆن تانە لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بدات، دەستەکەش دەبێت لەماوەی 10رۆژدا یەکلایی بکاتەوە و بڕیاری کۆتایی بدات، هەمووانیش دەبێت پابەندی بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بن.
زیاتر لە 7900 کەس خۆیان بەربژێر کردووە. کۆمیسیۆن ناوەکان بۆ پشکنینی شایستەیی رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بریتین لە وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەڵگە و تاوان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان. دواتر لەسەر بنەمای وەڵام ئەو لایەنانە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار لە پەسند، یاخود دوورخستنەوەی هەر بەربژێرێک دەدات.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، رۆژی چوارشەممە 20ـی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆی گشتیی ئەو بەربژێرانەی تاوەکو ئێستا دوورخراونەتەوە، گەیشتوونەتە 542 بەربژێر."
بە گوتەی عیماد جەمیل، هۆکاری دوورخستنەوەی بەربژێرەکان بەم شێوەیەیە:
- لێپرسینەوە و دادپەروەری: 253 بەربژێر
- گۆڕینیان لەلایەن لایەنەکانیانەوە: زیاتر لە 160 بەربژێر
- رێگریی یاسایی: 100 بەربژێر
- بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: 15 بەربژێر
- کۆتای کریستیانەکان: 10 بەربژێر
- ساختەکاری: 4 بەربژێر
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ