نۆ عێراقی زیاتر لە 11 مانگە لە سعودیە دەستگیرکراون

21-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوو پەرلەمانتاری عێراق داوا لە حکومەتی وڵاتەکەیان و دەسەڵاتدارانی سعودیە دەکەن، چارەنووسی نۆ هاووڵاتیی عێراقی یەکلایی بکەنەوە کە لەو وڵاتە دەستبەسەرکراون. هەروەها هۆشداری دەدەن لەوەی مانەوەیان لە زینداندا، کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ریاز دەبێت.
 
حەیدەر حەبیب ساعدی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، دوێنێ چوارشەممە 20ی ئابی 2025 لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بە دەستبەسەرکردنی پێنج هاووڵاتیی عێراقی کردووە کە زیاتر لە 11 مانگە لە سعودیە زیندانیکراون و هۆکارەکەی بە گوتەی خۆی "بڵاوکردنەوەی پۆستێکی ماتەمینی بووە بۆ حەسەن نەسروڵڵا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان". حەیدەر ساعدی ئەوەی بە "ئازادیی رادەربڕین" ناوبردووە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ناوی ئەو کەسانەی ئاشکرا کردووە کە بریتین لە: (عەباس مەجید موعین شەریفی، عەلی موعین عەلی موبارەکە، ئەحمەد دەحام سەبار، حوسێن حەیدەر عەبدولسادە جەمالی و عەلی حوسێن تخم حەریشاوی).
 
هاوکات، رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، لە راگەیێندراوێکدا ژمارەی راستەقینەی دەستبەسەرکراوانی بە نۆ کەس راگەیاند و گوتی: "هەموویان بە شێوەیەکی یاسایی بۆ حەج و عومرە چوونەتە سعودیە."
 
بەگوتەی رائید مالیکی، تائێستا هیچ تۆمەتێک ئاراستەی دەستبەسەرکراوەکان نەکراوە، رێگەیان پێنەدراوە پارێزەر بگرن و نەبراونەتە بەردەم دادگە، کە ئەوەشی بە "پێشێلکاریی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ" لە قەڵەم دا.
 
هەردوو پەرلەمانتارەکە داوا لە سوودانی و وەزارەتی دەرەوە دەکەن گرنگیی زیاتر بە دۆسیەکە بدەن و رایانگەیاندووە، ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا کێشەکە چارەسەر نەکرێت، لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەر دەکەن.
 
هەر لەوبارەوە، بەرپرسێک لە دەستەی حەج و عومرەی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-08-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یاساکانی سعودیە زۆر تووندن بەرامبەر بەرزکردنەوەی هەر جۆرە سیمبوول و دروشمێکی سیاسی و سزای قورسی هەیە."
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەوڵدەدرێت دۆسیەی لەم شێوەیە بوروژێنرێت و گوتیشی: "ئەم جۆرە حاڵەتانە زۆر دووبارە دەبنەوە و کۆنسووڵخانەی عێراق لە جەددە هەمیشە کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکات، بەڵام دەبێت هاووڵاتییان پابەندی یاساکانی ئەو وڵاتە بن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.