بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی فڕۆکەخانەی عەربەتەوە عێراق بەنیازە لە دادگەیەکی نێودەوڵەتی سکاڵا تۆماربکات

21-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و بافڵ تاڵەبانی تاوتوێی میکانیزمەکانی تۆمارکردنی سکاڵایەکیان دژی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت کردووە. گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیش لە پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە دەڵێت، "عێراق و یەکێتی بەنیازن لە دادگەیەکی نێودەوڵەتی و لە دادگەیەکی نێوخۆییش کە رەنگە دادگەی فیدراڵی بێت سکاڵا دژی تورکیا تۆماربکەن".
 
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە بەسەردانێک لە بەغدایە، کۆبوونەتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، "سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی تاوتوێی میکانیزمەکانی پێشکێشکردنی سکاڵا و گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەکان تایبەت بە بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەتیان لە پارێزگای سلێمانی کردووە کە رووبەڕووی هێرشێکی ستەمکارانە بوویەوە و بووە هۆی شەهیدکردنی ژمارەیەک ئەندامی دەزگای دژەتیرۆر".
 
رۆژی پێنجشەممە، 21-9-2023، سۆزان مەنسوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی سکاڵاکەوە بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، "لە رۆژانی داهاتوودا وردەکاری و گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە دەستپێدەکەن."
 
سۆران مەنسوور گوتی، "ئەگەری هەیە سکاڵاکە لە دوو شوێن تۆمار بکرێت؛ لە دادگەیەکی نێوخۆ کە رەنگە دادگەی باڵای فیدراڵی بێت؛ لە دادگەیەکی نێودەوڵەتیش، چونکە ئەو هێرشەی کراوە بکەرەکەی دیارە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک هاووڵاتی عێراقی و کورد، جگە لەوەی پێشێلکردنی سەروەرەیی عێراقە."
 
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە وڵاتانەی لە دادگەیەکی نێودەوڵەتی کە هێشتا دیارنییە چی دادگەیەک دەبێت، سکاڵاکەی لەسەر تۆماردەکرێت، تورکیا دەبێت، چونکە بە گوتەی ئەو، "عێراق ئاشکرایکردووە سەرچاوەی درۆنەکە تورکیا بووە و ئەو درۆنەی هێرشەکەی پێکراوە لە تورکیاوە هاتووەتە ئاسمانی عێراق".
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023 بە درۆن هێرشکرایە سەر هۆڵێکی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت. دوای هێرشەکە، دژەتیرۆری سلێمانی رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، "سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون" و سێ ئەندامی دیکە بریندار بوون.
 
بەرەبەیانی (سێشەممە، 19-8-2023)، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەبارەی هێرشە درۆنییەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو، "کاژێر 05:00ـی پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 18ـی ئەیلوول، درۆنێک لە سنووری تورکیاوە هاتە نێو ئاسمانی عێراق و فڕۆکەخانەی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومانکرد و بووە هۆی شەهیدبوونی سێ لە پاڵەوانانی دەزگای دژەتیرۆر و برینداربوونی سێ کەسی دیکە."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە