رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ بە تەلەفۆن لەگەڵ سوودانی قسەی کردووە و داوای لێکردووە پەلە بکرێت لە "چەکداماڵینی میلیشیاکان کە ئێران پشتیوانییان دەکات".
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆبیۆ هەروەها پیرۆزبایی هەناردەکردنەوەی نەوتی لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە لە سوودانی کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، روبیۆ و سوودانی تاوتوێی هەوڵەکانی تەواوکردنی گرێبەستە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقیان کردووە.
مارکۆ روبیۆ، پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا و رایگەیاندووە، "ئەم هەنگاوە سوودی بۆ عێراق، تورکیا و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەبێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ جەختی لە "پەلەکردن لە چەکداماڵینی ئەو میلیشیایانە کردەوە، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو گرووپانە "سەروەریی عێراق دەخەنە ژێر پرسیار، هەڕەشە لە ژیان و کاری ئەمریکی و عێراقییەکان دەکەن و سامانی عێراق بۆ ئێران بەفیڕۆ دەدەن."
وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، روبیۆ پابەندبوونی ئەمریکای بۆ کارکردنی لەنزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان دووپاتکردەوە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، لەوانە پاراستنی سەروەریی عێراق، بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەیی و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکەدا "هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیدان بە هەوڵە هاوبەشەکان کردەوە بۆ چەسپاندنی هاوبەشییەکی فرەڕەهەند لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کولتووری، ئەمنی و سەربازیدا."
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، سوودانی "پابەندبوونی حکومەتی عێراقی بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە دووپاتکردەوە کە لە ماوەی رابردوودا بەدەستهاتوون، بەتایبەتی فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان، پەرەپێدانی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان و ئاسانکاریکردن بۆ کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن لەسەر بنەمای دیالۆگی بونیادنەرانە و متمانەی هاوبەش دامەزراون، جەختی لە گرنگیی خۆدوورگرتن لە هەر هەنگاوێکی تاکلایەنە کردەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دیالۆگ و هاوئاهەنگیدا بێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە، سوودانی "پابەندبوونی حکومەتەکەی بە پتەوکردنی پرۆسەی دیموکراسی وەک بناخەیەک بۆ سەقامگیریی سیاسی و گەشەپێدانی بەردەوام لە عێراقدا دووپاتکردەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ