رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت، 50 وێستگەی کێش (قەپان) لە کۆی 84 وێستگە لە سەرانسەری عێراق خراونەتەکار، ئەوەش بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی قورسایی بارهەڵگرەکان و کەمکردنەوەی زیانەکانی رێگەوبانەکان و زیادکردنی سەلامەتیی هاتووچۆ، 50 وێستگەی کێشکردن لە کۆی 84 وێستگە لە پارێزگاکانی عێراق خراونەتەکار.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025 نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا 50 وێستگەی کێشکردن بە فەرمی دەستیان بە کارەکانیان کردووە، سەرجەم پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە، بەتایبەتی لەو رێگە سەرەکییانەی بەرەو دەروازە سنوورییەکان و کانەکانی ماددە بیناسازییەکان دەڕۆن."
نەبیل سەفار گوتیشی، "پێنج وێستگەیان لە (کەربەلا، واست و ئەنبار) لە قۆناخی کۆتاییدان و بەمزووانە دەست بە کار دەکەن، 19 وێستگەی دیکە لە پارێزگاکانی (نەینەوا، ئەنبار، دیوانیە، سەلاحەدین، بەسرە، کەرکووک، کەربەلا و زیقار) چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بخرێنەکار."
لەبارەی باجی بارهەڵگر لە وێستەگەکاندا گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی، "بەپێی ماددەی 10ی یاسای رێگەوبانە گشتییەکان ژمارە 35ی ساڵی 2002، باج بە بڕی 5000 دینار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک جێبەجێ دەکرێت."
لەبارەی سزاکانیش گوتی، "بەپێی ماددەی 14ی هەمان یاسا و بڕیاری ژمارە 302ی ساڵی 2019، سزای 500 دینار بۆ هەر کیلۆگرامێک زیادەی کێش دیاری کراوە، ئەمە بۆ رێکخستن و چاودێریکردنی زیاتری کێشی بارهەڵگرەکانە."
وێستگەکانی ئێستای کێشکردنی بارهەڵگر لە کەرکووک:
- وێستگەی کێشانی قەرەتەپە
- وێستگەی کێشانی کەیوان
- وێستگەی کێشانی تازە
- وێستگەی کێشانی گازی باکوور
- وێستگەی کێشانی کەرکووک-تکریت
وێستگەکانی ئێستای کێشکردنی بارهەڵگر لە نەینەوا:
- وێستگەی کێشانی بازگەی کەرکووک
- وێستگەی کێشانی دهۆک-تەلکێف
- وێستگەی کێشانی بادۆش
- وێستگەی کێشانی باشیک
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ