رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرى دۆسیەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە دادگەى فیدراڵى رایگەیاند، بڕیارى دادگەکە بۆ هاوئاهەنگى راستەوخۆى فەرمانگەکان لەگەڵ وەزارەتى دارایی فیدراڵ بۆ ناردنى مووچەیە لە رێگەى هەژمارى بانکییەوە، بەڵام رادەستکردنى زانیاریى فەرمانبەران لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لە 21ى شوباتى 2024، بڕیاریدا بە پابەندکردنی هەردوو سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ جێگیرکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لە بانکەکانى حکومەتى فیدراڵى کە لە هەرێمى کوردستان کاردەن.
22ى شوباتى 2024، بەکر حەمەسدیق، پارێزەرى دۆسیەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لە دادگەى باڵاى فیدراڵى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیارى دادگەکە بۆ مامەڵەى راستەوخۆى فەرمانگەکان بۆ ناردنى مووچەیە لەرێگەى هەژمارى بانکییەوە دەبێت و ئەو پرۆسەیەش لە رێگەى پارێزگارەکانەوە دەبێت".
بەگوێرەى بڕیارەکە، فەرمانگەکانى هەرێمى کوردستان دەتوانن هاوئاهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتى دارایی فیدراڵى بکەن بۆ جێبەجێکردنى هەنگاوى جێگیرکردنى مووچەى فەرمانبەران لە رێگەى بانەکەکانەوە بەبێ گەڕانەوەى بۆ نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
بەکر حەمەسدیق ئاماژەى بەوەدا "بەگوێرەى بڕیارەکە، رادەستکردنى زانیاریی فەرمانبەران بە وەزارەتى دارایی عێراق لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەبێت و دواتر لەلایەن دیوانى چاودێرى داراییەوە وردبینى دەکرێت و دابەشکردنى مووچەکەش لە رێگەى ئەو بانکانەوە دەبێت کە لە هەێمى کوردستانن".
لە بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیداڵى هاتووە کە "ئەو بڕە پارەیەى مووچە لە پشکى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت و دەبێت حکومەتى فیدراڵى ئاسانکارى بکات بۆ هەنگاوى جێگیرکردنى مووچەى فەرمانبەران و بەدەستگەیشتنى مووچەکانیان لە شوێنى نیشتەجێبوونیان لەرێگەى نوێنەرایەتییەکانیەوە لە هەرێمى کوردستان یان ئەو بانکانەى لە هەرێمى کوردستان کردوونیەتەوە و لەلایەن بانکى ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێدراوە."
دادگەى باڵاى فیدراڵى، ئۆباڵى نادروستیی زانیارییە پێشکێشکراوەکانى فەرمانبەران دەخاتە ئەستۆى کەسی یەکەمى ئەو دامەزراوانەى هەرێمى کوردستان کە بۆ جێگیرکردنى مووچەى فەرمانبەران لە رێگەى بانکەوە رادەستیان دەکات و دەبێت حکومەتى عێراقى لەدواى جێگرکردنى مووچەى فەرمانبەران لە رێگەى بانکەوە مووچەکانیان بۆ بنێرێت و نابێت وەک قەرز ئەو بڕە پارەیە بنێرێت.
ئەو سکاڵایە لەلایەن ژمارەیەک فەرمانبەرى هەرێمى کورستانەوە تۆمار کرا بۆ ئەوەى گەرەنتی ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بکرێت.
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى ئەوە تەرازووى پێداچوونەوە (خەرجى و داهات )ى مانگانە پێشکێشی وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى بکەن، هەروەها سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى پابەند کردووە بە رادەستکردنى سەرجەم داهاتى نەوتى و نانەوتى بە خەزێنەى دەوڵەت وەک ئەوەى لە یاسای کارگێڕى داراییدا هاتووە و هەردوو دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستان و عێراق وردبینى زانیارییەکانى پەیوەست بەو وردبینیە دەکەن.
هەروەها دادگەى فیدراڵى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى پابەند کردووە بە رێگەدان بە دیوانى چاودێرى دارایی حکومەتى فیدراڵى کە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستان، وردبینى لەو هەژمارە بانکییانەى فەرمانبەران بکەن کە لە هەرێمى کوردستان لەچوارچێوەى بانکى ناوەندى کراونەتەوە لەگەڵ وردبینیکردنى لیستى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ