سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشییەی کلدانی: لویس ساکۆ بەربژێر نییە بۆ جێگرەوەی پاپا

22-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامی پشتگیریی بەربژێربوونی لویس ساکۆی بۆ جێگرەوەی پاپا بڵاوکردەوە، بەڵام سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشییەی کلدانیی هەولێر دەڵێت، لویس ساکۆ بەربژێر نییە بۆ جێگرەوەی پاپای ڤاتیکان.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی نیسانی 2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "جەخت لە پاڵپشتیی خۆمان دەکەینەوە بۆ کاردیناڵ لویس رۆفائێلی یەکەم ساکۆ، وەکو تاکە بەربژێر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ جێگرتنەوەی کۆچکردوو پاپا فرانسیس. لە سۆنگەی رۆڵی ئەو لە بڵاوکردنەوەی ئاشتی و لێبووردەیی."
 
بەڵام مەتران وەردە، سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشییەی کلدانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاردیناڵ لویس ساکۆ بەربژێر نییە بۆ جێگرتنەوەی پاپا فرانسیس، بەڵکو بەشدارە لە دانیشتنی هەڵبژاردنی پاپای نوێ، کە ئەو یەکەمین کاردیناڵە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشداری لەو دانیشتنەدا دەکات."
 
مەتران وەردە گوتیشی، "هیچ کاردیناڵێک ناتوانێت خۆی بەربژێر بکات، لە دانیشتنەکەدا کاردیناڵەکان بە کۆی دەنگ یەکێک بۆ ئەو پلە و پایەیە هەڵدەبژێرن، کە رەنگە لەوێدا کاردیناڵەکانی دیکە رێکبکەون بۆ دیاریکردنی لویس ساکۆ وەکو پاپا، بەڵام ئەوە تەنیا ئەگەرێکە."
 
رۆژی دووشەممە 21ی نیسانی 2025 پاپا فرانسیس، دوای تووشبوون بە نەخۆشی لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق و جیهانە.
 
رۆژی 05-06-2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمانی دیوانی ژمارە 24228  بڕیاری دا کاردیناڵ پاتریارک لویس ساکۆ، بکرێتە پاتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە