رووداو دیجیتاڵ
تەرمی دوو خوێندکارە سزادراوەکەی کۆلێژی سەربازیی چوارەم لە شاری ناسرییە بۆ دوایین مەنزڵیان بەڕێکران، بە گوتەی کەسوکارەکەیان، بەهۆی زۆر مانەوەیان لەبەر تیشکی خۆر و وشکبوونەوەی جەستەیان، گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە، بەهۆی سزادانێکی بەکۆمەڵ کە تائێستا هۆکارەکەی بەتەواوی روون نییە، تەندروستیی ژمارەیەک خوێندکاری کۆلێژەکە تێکچوو. دوو لە خوێندکارەکان، بەناوەکانی حوسێن سەعدی و رەزوان بەیزانی، کە هەردووکیان تەمەنیان 24 ساڵان و خەڵکی ناوچەکانی کازمیە و مەدینە سەدری بەغدا بوون، گیانیان لەدەستدا.
مەنسور حوسناوی، خاڵی حوسێن سەعدی بە تووڕەیی و بێزاری لەو دۆخە قسەی بۆ رووداو کرد، "سەرۆکی ئەکادیمیاکە شایەنی ئەو پۆستە نییە، هی ئەوە نییە ببێتە فەرماندەی یەکەیەکی بچووکی سەربازیش. دەمانەوێت لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت. ئەم پرسە عێراق رووبەڕووی هەڕەشە دەکاتەوە، رەنگە ئەم رووداوە دەستی پیلانگێڕی بێت! ئەگەر نا چۆن دوێنێ 30 بۆ 40 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون؟"
کەسوکاری خوێندکاران و لیژنەی بەدواداچوونی پەرلەمان باس لە نەخۆشکەوتنی 30 بۆ 100 خوێندکار دەکەن، بەڵام حکومەتی عێراق رایدەگەیێنێت، تەنیا نۆ خوێندکار لەو رووداوەدا تەندروستییان تێکچووە و شەشیان دوای وەرگرتنی چارەسەر گەڕێندراونەتەوە ماڵەکانیان.
شێخ عەدنان ساعدی، شێخی هۆزی ساعدی، سەرکۆنەی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "ئێمە سەرکۆنەی ئەو تاوانە دەکەین، چونکە شوێنەواری سزادان، لێدان و دڵڕەقی هەیە. ئەگەر بتەوێت ئەفسەری دروست پێبگەیێنی، بەم شێوەیە دروست نابێت. تۆ دەبێت فێری بکەیت چۆن لە شەقام دەوەستێت، چۆن دەموچاوی خەڵک دەخوێنێتەوە، نەوەک بێیت دڵڕەقیان بکەیت."
هاووڵاتییەک بەناوی عەباس ساعدیش نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت و دەپرسێت: "ئەندازیارێکی فڕۆکەوان و گەنجانی دیکە بوونەتە قوربانی هەڵسوکەوتی ناڕێک لەلایەن فەرماندەیەکەوە. ئەمە کەی دروستە بەم رۆژگارە گەیشتووین؟ ئێمە لە چ سەردەمێکین؟ لە سەردەمی فراوانیی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا سزایان بدەین لەبەر خۆر بوەستن؟ شتی وا لە کوێ هەیە؟ لەم جیهانە فراوانە فێربوونی وا لە کوێدا هەیە؟"
وەزارەتی بەرگریی عێراق، رووداوەکەی بە "کەمتەرخەمی و پشتگوێخستن"ی ئاشکرا وەسفکردووە و بەوهۆیەشەوە فەرمانی لەسەرکارلادانی هەریەک لە راگری کۆلێژی سەربازیی چوارەم و فەرماندەی فەوجی تایبەتی دەرکردووە. هاوکات لیژنەیەکیش بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئەو مامەڵە تووندەی بەرپرسانی کۆلێژەکە پێکهێندراوە.
کەسوکاری حوسێن و قوربانییەکانی دیکە دەڵێن، ئەو تووندوتیژییەی بەرامبەر بە قوتابییان کراوە لە کۆلێژی سەربازی، وادەکات لە داهاتوودا ئەمانە لەجیاتی ئەوەی وەکو ئەفسەرێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر خزمەتی وڵات بکەن، بەپێچەوانەوە ببنە کەسانی توندوتیژ و دڵڕەق، لە ئەنجامی ئەو مامەڵە خراپەی کە لە کۆلێژەکە بەرامبەریان کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ