رووداو دیجیتاڵ
136 دۆنم زەوی سەوزایی لە تەنیشت غاباتی موسڵ، کە بەپێی نەخشەی شارەوانی بۆ پڕۆژەی گەشتیاری تەرخانکرابوو، بە شێوەیەکی نایاسایی دراوەتە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون. ئەم بڕیارە شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایەتیی لەلایەن دانیشتووانی شارەکەوە لێکەوتووەتەوە.
سەیف حەمدانی، چالاکوان لە موسڵ، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەک خەڵکی موسڵ بە هەموو شێوەیەک ئەمە رەتدەکەینەوە؛ چونکە وەک پولی دۆمینە وایە، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت، لایەنەکانی دیکەش پڕۆژەی دیکە وەردەگرن و ئەم ناوچە سەوزە دەکوژن کە تاکە هەناسەی موسڵە. سەیری هەولێر بکەن، پارکی سامی عەبدولڕەحمان رووبەرێکی زۆری گرتووە، بەڵام یەک وەبەرهێنەر ناتوانێت یەک خانووشیی تێدا دروست بکات."
پڕۆژەکە لە بنەڕەتدا بە ناوی گەشتیارییەوە مۆڵەتی وەرگرتووە، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار بەدەر لە یاسا، بەشێکی زەوییەکەی گۆڕیوە بۆ یەکەی نیشتەجێبوون.
لە مووسڵ بە تووندی دژی گۆڕینی زەوییە سەوزاییەکان بۆ نیشتەجێبوون دەوەستنەوە، بەڵام بۆ پڕۆژەی گەشتیاری دەست و دەرگایان کراوەیە.
محەممەد هرەیس، سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: "ئێمە لێرەوە دەڵێین نەخێر؛ ئەگەر کۆمپانیای وەبەرهێنان دەیەوێت لەم شوێنانەدا کار بکات، با پڕۆژەی گەشتیاری وەک چێشتخانە و خانووی گەشتیاری بکات کە لە چوارچێوەی رێنماییەکانی دەستەی گەشتوگوزاردا بێت، نەک شوێنی سەوزایی بکرێتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون و دواتر جوانی و سەوزایی نەینەوا لەنێو بچێت."
لای خۆشییەوە، د. ئەحمەد دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا جەخت دەکاتەوە: "حکومەتی خۆجێیی نەینەوا ناچارە پابەندی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا بێت و جێبەجێیان بکات، بە پێچەوانەوە دەبێتە سەرپێچی. بۆیە ئێمە وەک ئەنجوومەنی پارێزگا رێگە نادەین هیچ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لەسەر زەوی سەوزایی دروست بکرێت."
دوای هەوڵ و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی خەڵک، ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی پێنج کەسیی لە پەرلەمانتارانی نەینەوا پێکهێنا. دوای بەدواداچوون، زۆرینەی ئەندامانی لیژنەکە بڕیاری راگرتنی پڕۆژەکەیان واژۆ کرد؛ ئێستاش پڕۆژەکە بە تەواوی راگیراوە و چارەنووسی بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ