رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکی عێراقی دانیشتووی بابل، لە بەغدا دەستگیر کرا. کە 21 ساڵ لەمەوبەر کەسێکی کوشتووە، بەڵام بە بەڵگەنامەی ساختە خۆی وەک مردوو نیشان داوە، بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێت.
فەرماندەیی پۆلیسی بابل هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو کەسەی بڵاوکردەوە، کە پەیوەندی بە رووداوێکی کوشتنەوە هەیە و لە ساڵی 2005 روویداوە.
ئەو کەسە لە دوای تاوانەکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، بەڵام بە هاوکاریی ژنێک، بەڵگەنامەیەکی ساختەی لە فەرمانگەیەکی شاری فەللوجەی سنووری پارێزگای ئەنبار دەرکردووە، کە گوایە مردووە.
بەهۆی ئەو بەڵگەنامەیەوە، دۆسیەی تاوانەکەی لە ساڵی 2019 لەلایەن دادگاوە بەتەواوی داخرابوو.
بەگوێرەی پۆلیسی بابل، جارێکی دیکە لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەکانی مردنی کراوەتەوە و دەرکەوتووە کە ساختەیە.
دوای ئەوە جارێکی دیکە لە دادگا بەگوێرەی مادەی 406 فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و بەدواییدا گەڕاون، سەرئەنجام لە قەزای مەحموودیەی باشووری بەغدا دەستگیرکراوە.
پۆلیسی بابل رایگەیاندووە، لە کاتی دەستگیرکردنیدا چەند بەڵگەنامەیەکی دیکەی پێشان داوە بۆ ئەوەی ناسنامەی راستەقینەی خۆی بشارێتەوە، بەڵام دواتر دانی بە تاوانەکەی و ناسنامەیدا ناوە؛ ئێستا جگە لە تۆمەتی کوشتن، بە تۆمەتی ساختەکارییش رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ