رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پێشووی تیمی ناتۆ لە عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، هاوپەیمانییەکە تاوتوێی بژاردەکانی گەڕاندنەوەی هێزەکەی بۆ عێراق دەکات، بە مەرجێک دۆخەکە لەبار بێت و بە شێوازێکی جیاوازیش بگەڕێتەوە. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە هێزەکەی لە کۆتایی مانگی ئاداردا بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە گوێزرایەوە بۆ ئیتاڵیا.
جەنەڕاڵی فەرەنسی کریستۆف ئینتسی، کە ئەم هەفتەیە فەرماندەیی نێردەکەی رادەستی رامۆن ئارمادای ئیسپانی کرد، بە فرانس پرێسی گوت: "دەستەی ئەرکان لێکۆڵینەوە لە بژاردە جیاوازەکان دەکات بۆ ئەوەی هێزەکە بتوانێت بگەڕێتەوە عێراق."
دوای رێوڕەسمی رادەستکردنی پۆستەکەی، ئینتسی گوتی: "لە کوێ، کەی و چۆن؟ هیچ نازانین. بەڵام ویستێکی زۆر بەهێز هەیە؛" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "چەندین گریمانە" لێکۆڵینەوەیان لێ دەکرێ سەبارەت بەم گەڕانەوەیە، کە پێشبینی دەکرێ "بە قۆناخ" بکرێ.
سەبارەت بە هێزەکانیش گوتی، کاتێک دەگەڕێنەوە "بە هەمان ژمارەی پێشوو نابێت"، بەڵکو "زۆر کەمتر دەبێت"، بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە لەم بارەیەوە بدات؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە لە ساڵێک بۆ 18 مانگی داهاتوودا شێوازی کارکردن و پێکهاتەی هێزەکە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.
تیمی ناتۆ بۆ عێراق لە ساڵی 2018 لەسەر داوای حکومەتی بەغدا دامەزرا و لە تیمێکی ناشەڕکەر پێکهات، کە ئەرکی سەرەکیی پێشکێشکردنی راوێژ و بەهێزکردنی تواناکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقە.
پێش گواستنەوەی تیمەکە، نزیکەی 1300 کەس لە 21 وڵاتی جیاواز لە بەغدا کاریان دەکرد. بەڵام لە مانگی ئاداردا، واتە سێ هەفتە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوبات، تەواوی ئەندامانی تیمەکە کە نزیکەی هەزار و 300 کەس دەبوون، بە دوو قۆناخ گەڕێندرانەوە ئەورووپا. لەو کاتەشدا ناتۆ جەختی لەوە کردەوە کە تیمەکە لە رێگەی فەرماندەیی هەرێمییەکەیەوە لە ناپۆلیی باشووری ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت لە کارەکانی.
جەنەڕاڵ ئینتسی باسی لەوەش کرد: "دوایین بەشی ئەرکەکەم لە 21ـی ئادارەوە تەنیا رێکخستنەوە و جێگیرکردنەوەی نێردەکە بوو لێرە لە ناپۆلی، ئەویش بە تیمێکی بچووکی 65 کەسی، لەگەڵ نزیکەی 30 کەسی دیکە کە لە دوورەوە کاردەکەن. بەم شێوەیەش لە 750 کەسەوە بووینە نزیکەی 100 کەس کە لێرە کار دەکەین."
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جەنەڕاڵە دانی بەوەدا نا کە لە کاتی خۆیدا بەو بڕوای بەو بڕیارە نەبووە کە تەواوی کارمەندەکان بگەڕێندرێنەوە. لەو بارەیەوە گوتی: "کەمێک تووشی شۆک بووم، چونکە ئێمە پلانمان هەبوو نزیکەی 300 کەس بە سەلامەتی بمێننەوە،" جەختیشی لەوە کردەوە کە تیمەکە "هیچ کاتێک لە دۆخێکی ناسەلامەتدا نەبووە، تەنانەت لە کاتی رووداوە ئاڵۆزەکانیشدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ