وەقفی سوننە لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر مەلایەک پێکدێنێت

22-06-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
عەداى غرێری، ئيمام و خەتیبی مزگەوتى عومەر موختار لە ناوچەى یەرموکى بەغدا.
عەداى غرێری، ئيمام و خەتیبی مزگەوتى عومەر موختار لە ناوچەى یەرموکى بەغدا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عەداى غرێری، ئيمام و خەتیبی مزگەوتى عومەر موختارە لە ناوچەى یەرموکى بەغداى پایتەخت. گوتارەکانى لە رۆژی هەیندا بەدرێژایی هەفتەى دواتر مشتومڕ دروست دەکات؛ وەقفى سوننەى ناچار کرد لیژنەى لێکۆڵینەوەى لەسەر پێکبهێنێت.
 
عەداى غرێری لە پرسە ئاینەکاندا رەخنە لە پیاوانى ئاینى دەگرێت، لەیەکێک لە گوتارەکاندا دەڵێت: "بۆچى مەرجەعەکان ناچن بۆ حەج؟ بۆ ئەوەى خەڵک فێرى سرووتەکانى فەریزەى حەج بکەن، ئایا مەرجەعەکان لەپێشتر نین بۆ ئەوەى حەج بکەن، تەمەنیان هەڵکشاوە بۆ ناچن بۆ حەج، بیستوتانە مەرجەعێک حەج بکات؟"
 
لە پرسە کۆمەڵایەتییەکانیشدا عەداى غرێری تانەکانى گەیشتە ئەوانەى کە حەج دەکەن، ئەو پێى وایە کە  بۆ زۆر کەس حەج بووەتە مۆدێل و دەڵێت: "حەج وەک براندێکى لێھاتووە، کە هەندێک کەس دەیخەنە پێش ناوەکەیان بۆ ئەوەی پێیان بڵێن حاجی".
 
گوتەکانى ئەو مەلایە، وایکرد وەقفى سوننە لیژنەى لێکۆڵینەوەى لەسەر پێکبهێنێت، ئەویش بە پاساوى پابەند نەبوون بە گوتارى میانڕەو و لادان لە رێنماییەکان بۆ گوتارى هەینى.
 
غرێریى ئیمام و خەتیبێکى سوننە مەزهەبە، بەشێک لە گوتارەکانى، شیعەکانی تووڕە کردووە و بەوە تۆمەتبارى دەکەن پەیامەکانى بەرامبەریان تووندن.
 
شریف سلێمان، ئەندامى لیژنەى ئەوقاف و خێڵەکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدایی رووداوى راگەیاند: "ئێمە پێویستمان بە دەرکردنى یاسا هەیە لەدژى گوتارى رق و کینە و نامیانڕەو. دەبێت پەرلەمانى عێراق ئەو کارە بکات، دۆخەکە گەیشتووە ئەوەى کە بەرگە ناگیرێت، هەر ناوبەناو رووداوى مەترسیدار رووەدەدەن و کار و کاردانەوەى نەشیاو روودەدەن، ئەگەر یاساگەلێک نەبێت بۆ رێگرى لەو جۆرە گوتارە، کاریگەرى گەورەى نەرێنى دەبێت لەسەر کۆمەڵگە." 
 
بڕیارە حکومەتى عێراقى پڕۆژەیاسای خۆپارێزى و بەتاوانناساندنى گوتارى رق و کینە ئاڕاستەى پەرلەمانى عێراق بکات بەمەبەستى پەسندکردنى وەک هەنگاوێک بۆ رێگرى لە  تەشەنەسەندنى ئەو جۆرە گوتارانە لەعێراق.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە