سوودانی سێ بڕیاری لەبارەی رووداوەکەی کوت دەرکرد

22-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق، راسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوت-ی ناوەندی پارێزگای واست پەسندکرد و سێ بڕیاری بە پەلەی دەرکرد.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر رووداوەکەی کوت و ئەو راسپاردانەی پێشکێشی کرابوون، ئەم بڕیارانەی دا: 
 
یەکەم: ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران راپۆرتێک لەسەر جێبەجێکردنی راسپاردەکان پێشکێش بکات، لە یەک مانگ تێپەڕنەکات.
 
دووەم: کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پارێزگارەکان بکرێت بە ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ، تەندروستی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
 
سێیەم: لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ لابردنی سەرجەم سەرپێچییەکانی پەیوەست بە سەلامەتی و بەرگریی شارستانی بکەن.
 
ئەنجوومەنی وەزیران ئەمڕۆ سێشەممە میوانداریی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوت کرد، بۆ گوێگرتن لە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە.
 
محەممەد شیاع سوودانی ئەنجامی لیژنەکەی پەسندکرد، تێیدا بڕیاردرا محەممەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واست، بەوپێیەی سەرۆکی لیژنەی بەرگریی شارستانییە لە پارێزگاکە و ئەندامانی لیژنەکە رەوانەی لێکۆڵینەوە بکرێن، بەمەبەستی ئاشکراکردنی بەرپرسیارێتی و هۆکارەکانی کەمتەرخەمی.
 
شەوی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، ئاگر لە باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمیی شاری کەوت کەوتەوە و بەگوێرەی تەندروستیی عێراق، 63 کەس گیانیان لەدەستدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە