رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەکانی فیدراڵی لە بەغدا ئافرەت و پیاوێکیان دەستگیرکرد، کە بەنیاز بوون منداڵێکی ساوای خۆیان بە 8 ملیۆن دینار و ئەنگوستیلەیەکی زێڕ بفرۆشن.
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەکانی فیدراڵی، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند لەچوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ راوەدوونانی مافیاکانی تایبەت بە تاوانی رێکخراو و بازرگانیی بە مرۆڤەوە، هێزەکانیان توانیویانە پیاوێک و ئافرەتێک دەستگیربکەن، کە بەنیاز بوون منداڵێکی ساوا بە هەشت ملیۆن دینار و ئەنگوستیلەیەکی زێڕ بفرۆشن.
ئاژانسەکە رایگەیاندووە، دوای وەرگرتنی زانیاریی پێویست تیمێکیان بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە و وردبینیی لە زانیارییەکان پێکهێناوە. دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر و پشکنینی پێویست، توانیویانە لە بۆسەیەکی تۆکمەدا ئەو ئافرەت و پیاوە دەستگیربکەن و رێگە لە تەواوکردنی پڕۆسەی کڕین و فرۆشتنەکە بگرن.
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەکانی فیدڕاڵی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە دوای لێکۆڵێنەوە لە رووداوەکە، دەرکەوتووە ئەو دوو کەسە دایک و باوکی ئەو منداڵەن و دانیان بەوەدا ناوە منداڵەکەیان، کە لە رەگەزی کوڕە خستووەتەڕوو بۆ فرۆشتن، بۆیە رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەکانی فیدڕاڵی داوای لە خەڵک کردووە کە لەکاتی هەر گومانلێکراوێکی لەیاسا بەدەر لە رێگەی ژمارە خۆڕایی 144ـەوە پەیوەندییان پێوەبکەن و زانیارییان پێبدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ