هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە و تاوتوێی بودجەی هەرێمی کوردستانیش دەکات

22-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لە بەغدا کۆدەبێتەوە و نوێنەرانی پارتی تێیدا باسی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەبەنە کۆبوونەکەوە و داوای هۆکارەکانی نەناردنی دەکەن، دەشڵێت"حکومەتی عێراق لەرێگەی دیوانی چاودێریی داراییەوە وردبینی لە سەرجەم دۆسییەکانی تایبەت بەو بابەتەی تەواو کردووە."
 
رۆژی سێشەممە، 22-8-2023، مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە نووسینگەی یەکێک لە سەرۆکی لایەنە پێکهێنەرەکان لە بەغدا کۆبوونەوە و ژمارەیەک دۆسیە تاتوێ بکەن، لەنێویاندا دۆخی سیاسیی، ئەمنی، ئابووری و خزمەتگوزاریی، جگە لە بابەتی یاسایی و پڕۆژەیاساکان، بڕیارە شاندی ئێمە کە نوێنەری پارتین لەو کۆبوونەوە بابەتی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان ببەنە نێو کۆبوونەکەوە."
 
مەریوان قەرەنی گوتی: "شاندەکەی ئێمە باسی هۆکارەکانی نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هۆکارەکان لەلایەنەکان دەپرسێت، بەتایبەت سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو کۆبوونەوانە ئامادە دەبێت."
 
بە گوتەی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هیچ پاساوێک بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نەماوە، بەتایبەت لە رۆژانی رابردوودا بەدرێژایی چەند رۆژێک دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەهەرێمی کوردستان بوون و سەرجەم داتا و زانیارییەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراقیان پێدراوە و سوپاسی شاندی دانوستاندنکاریشیان کردووە کە ئاسانکاریی زۆریان بۆ کراوە و هەموو زانیارییەکانیان دەست خستووە.
 
مەریوان قەرەنی هۆکاری نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پاساوی سیاسی گەڕاندەوە و گوتی: "پێموایە نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەدوای دەرکردن و بڵاوکردنەوەی رێنماییەکانی یاسای بودجە، بابەتێکی سیاسییە و هیچی دیکە."
 هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گەورەترین هاوپەیمانێتییە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 10ـی ئۆکتۆبەری 2021ەوە دروستکراوە، جگە لە زۆرینەی لایەنە شیعەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوپەیمانیی سەرەوەریی سوننەکان و چەندین لایەنی دیکە لەخۆدەگرێت و پێکهێنەری حکومەتی نوێی عێراقە کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتیی دەکات. 
 
رۆژی چوارشەممە، 02-08-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەدوای کۆبوونەوەیەکی ئاسایی رایگەیاند هەموو پابەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر بەغدا جێبەجێکردووە: "هیچ پاساو و بیانوویەک نەماوە لەبەردەم حکومەتی فیدراڵ کە خەرجکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لەمە زیاتر دوابخات، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە بنێرێت."
 
پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەی گشتی عێراق بۆ ئەمساڵ 16.4 ترلیۆن دینارە کە 9.299 ترلیۆن دیناری بۆ مووچە دەبێت و خزمەتگوزارییەکانیش 1.8 ترلیۆن دیناریان بۆ تەرخانکراوە.
 
ئەمانەش بەشەکانی دیکەن لەنێو پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان کە پارەیان بۆ تەرخانکراوە: کەرەستەکان 453 ملیار دینار، نۆژەنکردنەوە 215.2 ملیار دینار، بەخشش و هاوکاری 328 ملیار دینار، قەرز 62 ملیار دینار، چاودێریی کۆمەڵایەتی 1.3 ترلیۆن دینار، پەرەپێدانی هەرێمەکان 276 ملیار دینار، پێشمەرگە 228.3 ملیار دینار، تێچووی بەرهەم و گواستنەوەی نەوت 1.4 ترلیۆن دینار. 
 
 
رۆژی 31ــی تەممووزی 2023، رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: ''بەپێی رێنماییەکان، دەبێت ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023-2024-2025 بکرێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە