رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات، کە لە دژى دوو رێنماییى وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان تۆمارکراون، لەبارەى باجى سەر نەخۆشخانە تایبەتەکان و خەرجکردنى بڕە پارەیەک وەک هاندانى فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتى باج و خانووبەرە.
بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، رۆژی 10ى تشرینى یەکەمی 2023 ئەو دادگەیە تاوتوێى سکاڵایەک دەکات، کە لەسەر سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیری دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمارکراون، بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەردوو رێنمایی ژمارە 2 و 10ى وەزارەتى دارایی و ئابوورى ساڵى 2021.
رێنمایی ژمارە 2ى ساڵى 2021ى وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە لە 16ى شوباتى 2021 دەرکراوە، تایبەتە بە خەرجکردنى 1٪ى داهاتى زیادەى بەدەستهاتووى پلانى ساڵانەى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى باجەکان و خانووبەرەى میرى بۆ فەرمانبەرانى ئەو بەڕێوەبەرایەتییە.
رێنمایی ژمارە 10ى ئەو وەزارەتە، کە لە 12ى تەممووزى 2021 دەرچووە، تایبەتە بە وەرگرتنى باج لە خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە تایبەتەکان، کە رێژەى 5٪ى پارەى ئەو خزمەتگوزاریانەیە، کە لەو نەخۆشخانە تایبەتانە لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت.
سکاڵاکە لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق و رێبوار ئەورەحمان، ئەندامى ئەو فراکسیۆنە تۆمار کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ