رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێ، تاوەکو ئێستا مووچەی 380 هەزار کەس راگیراوە کە بە نایاسایی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە.
حەسەن خوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە ( 22-12-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا مووچەی 380 هەزار کەس بڕدراوە کە بە نایاسایی لە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی سوودمەند بوون".
حەسەن خوام گوتی، ئەو کەسانە بەسەر چەند چینێکدا دابەش بوون. بەشێکیان فەرمانبەر بوون یان هاوژینیان فەرمانبەر بووە؛ هەندێکی دیکەیان قەرزیان لە بانکەکان وەرگرتووە.
حەسەن خەوام رایگەیاند، ئاشکرابوونی ئەو کەسانە لە رێگەی بەستنەوەی تۆڕی زانیاریی وەزارەتەوە بووە بە وەزارەتەکانی دیکە، بانک و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.
سەبارەت بە وردەکاریی سەرپێچیکاران، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق گوتی، 8 هەزار و 500 کەسیان لە کەرتی تایبەت کاریان کردووە و لە رێگەی پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە ئاشکرا بوون؛ زیاتر لە 62 هەزار کەسیان خاوەنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز بوون.
حەسەن خوام گوتی، ئەو کەسانە جگە لە بڕینی مووچەکانیان، دەبێت ئەو پارانەی بە نایاسایی وەریانگرتووە بیگەڕێننەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "تاوەکو ئێستا 150 ملیار دینار لەو کەسانە وەرگیراوەتەوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت".
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق راشگەیاند، لە وەزارەتەکەیان 2 ملیۆن و 124 هەزار خێزان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق مانگانە بۆ دابینکردنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، پێویستی بە 420 بۆ 440 ملیار دینارە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێكی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ میدیای فەرمی عێراق کە شەوی 16-12-2025 پەخشکرا، گوتی: "43 ملیۆن هاووڵاتی لە بەشەخۆراک سوودمەندن. لە رابردوودا 4 ملیۆن و 500 هەزار کەس بە ناشەیستەیی بەشەخۆراکیان پێدراوە و پارەکەیان بڕاوە"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ