رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دوایین لیستی ناوی ئەو بەربژێرانەی بڵاوکردەوە کە کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکەن. لیستە نوێیەکە ناوی 19 کەسایەتی لەخۆدەگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی دادگەی فیدراڵی تانەی چوار بەربژێری دیکەی پەسند کرد.
بەپێی راگەیێندراوی فەرمی، کە ئەمڕۆ هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026، لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە، پاڵپشت بە مادەی 5/ چوارەم لە یاسای بەندەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار (ژمارە 8ی ساڵی 2012)، ناوی کۆتایی بەربژێرەکان دیاریکراون.
بڕیاری دادگەی فیدراڵی و گۆڕانکاری لە لیستەکەدا
ئەم بڕیارەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دوای زنجیرەیەک بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دێت کە لە رێککەوتی 19/1/2026 دەرچوون. دادگەی فیدراڵی تانەی چوار کەسایەتی پەسند کرد کە پێشتر ناوەکانیان لە لیستی بەربژێرەکاندا نەبوو، بەڵام دادگە بڕیاریدا کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە و مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوانیش بریتین لە خالید سدیق عەزیز، ئازاد مەجید حەسەن، رافع عەبدوڵڵا حەمید و سالم حەواس عەلی.
لیستی کۆتایی بەربژێرە پەسندکراوەکان:
بەپێی راگەیێندراوەکە، ناوی ئەو 19 بەربژێرەی کە سەرجەم مەرجە یاساییەکانیان تێدایە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بریتین لە:
- شوان حەوێز فەریق نامیق
- ئەحمەد عەبدوڵڵا تۆفیق ئەحمەد
- حوسێن تەها حەسەن محەممەد شنگالی
- نەجمەدین عەبدولکەریم حەمە کریم نەسروڵڵا
- ئاسۆ فەرەیدوون عەلی
- سامان عەلی ئیسماعیل شاڵی
- سەباح ساڵح سەعید
- عەبدوڵڵا محەممەد عەلی زاهیر عەلیاوی
- لـەتیف محەممەد جەمال رەشید
- ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین حلیوی
- نزار محەممەد سەعید محەممەد
- سەردار عەبدوڵڵا مەحموود تایمز
- فوئاد محەممەد حوسێن
- موسەننا ئەمین نادر
- نەوزاد هادی مەولوود
- خالید سدیق عەزیز محەممەد
- ئازاد مەجید حەسەن
- رافع عەبدوڵڵا حەمید مووسا
- سالم حەواس عەلی ساعدی
یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 کرا. سەبارەت بە دوایین کاتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "دەبێ لە 30 رۆژ دوای یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێ".
بەگوێرەی مادەی 70ی دەستوور، پەرلەمان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی، سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێ. ئەگەر هیچ بەربژێرێک ئەو رێژەیەی بەدەستنەهێنا، ئەوا کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەدا دەکرێ کە زۆرترین دەنگیان هێناوە و لە گەڕی دووەمدا هەرکامیان زۆرترین دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆماری نوێی عێراق.
پۆستی سەرۆکۆمار پشکی کوردە. تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێنکەوتوون. پارتی هەریەک لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی و یەکێتیش نزار ئامێدی بەربژێر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ