رووداو دیجیتاڵ
چوار کەشتیی عێراق لە دەرەوەی ئاوە هەرێمیەکانن و بەهۆی جەنگەوە کێشە بۆ جووڵەى یەکێکیان دروستبووە؛ 12 کەشتیی دیکە چاوەڕێی چوونە نێو بەندەرەکانى عێراق دەکەن، کە دووانیان کەشتیی نەوتهەڵگرن و بەهۆى داخستنى تەنگەى هورمزەوە راوەستاون.
تاڵیب بدێری، گوتەبێژی رۆژنامەڤانیی کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چوار کەشتیی گواستنەوەیان کە کاری گواستنەوەی کاڵا دەکەن، ئێستا لە دەرەوەی ئاوى هەرێمى عێراقن و ژوورێکی ئۆپەراسیۆنیان پێکهێناوە بۆ چاودێریکردن و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی کەشتییەکان و کارمەندەکانیان.
لە 28ی شوباتەوە تەنگەی هورمز لە کەنداو بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل داخراوە.
کەشتییەکانی عێراق بە ناوەکانی (موسەننا، بەسرە، حەدبا، بەغدا)ن و هەریەکەیان دەتوانێت نزیکەی 14 تۆن بار بگوازێتەوە.
ئێستا کەشتیی بەغدا لە یەکێک لە بەندەرەکانی شاریقەى ئیماراتە و کێشە بۆ گواستنەوەی بارەکەی بۆ بەسرە دروستبووە.
گوتەبێژی رۆژنامەڤانیی کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی عێراق گوتی: "ئێستا ئەوەی لێی دوودڵ بین تەنیا ئەو کەشتییەیە کە لە شاریقەیە".
جەنگ و داخستنی تەنگەی هورمز کێشەی بۆ جووڵەی کەشتیوانی لە بەندەرەکانی عێراق دروست کردووە کە بەربەستن بۆ هەناردەی نەوت و هاوردەکردنی کاڵاکان.
سێشەممە 10ی ئاداری 2026، فەرحان فەرتووسی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەندەرەکانی عێراق بە میدیای فەرمی راگەیاند کە لەدوای داخستنی تەنگەی هورمز، 12 کەشتی چاوەڕێی ئەوەن دەرباز بن بۆ نێو ئاوە هەرێمایەتییەکانی عێراق و بەندەرەکانی ئوم قەسر، بەسرە و خۆر زوبەیر، کە دووانیان کەشتیی نەوتهەڵگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ