چەند پارتێکى کلدۆ ئاشوورى لەبارەى بڕیارەکەى دادگەى فیدراڵى کۆدەبنەوە

23-02-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شەش پارتى کلدۆ ئاشوورى لەبارەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق کۆدەبنەوە کە بەهۆیەوە 11 کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێندرانەوە. بەرپرسی یەکێک لەو پارتانە دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستى خۆیان تاوتوێ دەکەن لەبارەى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان.
  
ئەمڕۆ هەینى، 23ى شوبات، رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیارە ئێوارەى ئەمڕۆ شەش پارتى کلدۆ ئاشوورى کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەى کۆتای کریستیانەکان لە پەرلەمانى کوردستان."
 
رۆژی 22ى شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیارى لەسەر چەند تانەیەک دا کە لە دژى چەند ماددەیەکى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کرابوون، یەکێک لەو مادانەى بە نادەستوورى زانى، دیاریکردنى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکان بوو لە پەرلەمانى کوردستان، کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنجى دیکەیان بۆ تورکمان و یەک کورسیش بۆ ئەرمەنەکان بوو.
 
رۆمیۆ هەکارى رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا هەڵوێستى خۆیان وەک لایەنەکانى کلدان و ئاشوور رادەگەیێنن بەرامبەر بە بڕیارەکە، کە چۆن دەبێت و ئەگەر بەشدارى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان بکەن بە چى شێوازێک بەشدار دەبن.
 
ئەو 11 کورسییەى کۆتاکان بە دوو قۆناخ زیادکرابوون، لە ساڵى 1992 بە بڕیارێکى ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى بەرەى کوردستانى پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان زیادکران، دواتر لە هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ساڵى 2009 پێنج کورسی بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ ئەرمەنەکان زیادکرا.
 
پێشتر لە 22ى شوبات وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەگوێرەى ئەو بڕیارەى دادگەى باڵاى فیدراڵى، دەبێت پێکهاتەکان هاوشێوەى لیستەکانى دیکە بە لیستى جیا بەشداریى هەڵبژاردن بکەن و لەسەر بنەماى بەدەستهێنانى دەنگ دەتوانن کورسیی ببەنەوە و ئەگەر هەیە لیستى ئەو پێکھاتانە کورسیی پەرلەمان بەدەست نەهێنن".
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان دەکات،  پێشنیازیکردووە هەڵبژاردنەکە لە مانگى حوزەیرانى ئەم ساڵ بکرێت.  
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

قاسم ئەعرەجی: خەڵاتەکەی یانەی زاخۆ دەستکەوتێکی شەرەفمەندانە و جێگەی شانازییە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پیرۆزبایی لە یانەی وەرزشیی زاخۆ دەکات بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی "باشترین هاندەری جیهان" لەلایەن فیفاوە و دەڵێت، ئەو دەستکەوتە بەرجەستەکردنی واتاکانی مرۆڤایەتییە.