رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی، بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک لە بەربژێربوون بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ناکشێتەوە، تەنانەت دوای هەڕەشەکانی ئەمریکا بە بڕینی هەموو هاوکارییەکانی بۆ عێراق، ئەگەر ئەو بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات.
رۆژی دووشەممە 23ی شوباتی 2026 مالیکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، نیازی کشانەوەی نییە، "لەپێناو رێزگرتن لە وڵاتەکەم، سەروەرییەکەی و ئیرادەکەی، بە هیچ شێوەیەک نییەتی کشانەوەم نییە. هیچ کەسێکیش مافی ئەوەی نییە پێمان بڵێت دەنگ بە کێ بدەین یان دەنگ بە کێ نەدەین."
مالیکی سووربوونی خۆی لەسەر بەربژێربوونەکەی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "من تاوەکو کۆتایی بەردەوام دەبم و پاشەکشە ناکەم."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 27ی کانوونی دووەمی 2026 لە پەیامێکی تووند دا هۆشداریی دا کە ئەگەر نووری مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران، واشنتن بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا دەچێتەوە.
ترەمپ نووسیبوی، "دواجار کە مالیکی لە دەسەڵات بوو، وڵات بەرەو هەژاری و پشێوییەکی گەورە رۆیشت، نابێت رێگە بدرێت جارێکی دیکە ئەوە رووبداتەوە."
مالیکی: پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا کارێکی بنەڕەتی و پێویستە
مالیکی لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ تاران لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزگرتن لە سەروەری عێراق بنیاد نراوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە پەیوەندی لەگەڵ واشنتن گرنگ نییە. ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لە خراپی پەیوەندییەکانی ئەو و ئەمریکا دەکەن لە ماوەی هەردوو خولی سەرۆکایەتییەکەیدا لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2014.
سەبارەت بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان، مالیکی بەڵێنی دا کە ئەگەر وەک سەرۆکوەزیران دەستبەکار بێت، رێگری لە هەر هێرش و پێشێلکارییەک دەکات بۆ سەر باڵیۆزخانەکان یان ئەو بەرژەوەندییانەی کە بە فەرمی لە عێراقدا ناسراون.
مالیکی گوتی، "هەموو وڵاتان دەتوانن دڵنیا بن کە ئێمە رێگری لە هەر هێرشێک دەکەین بۆ سەر باڵیۆزخانەکانیان و رێگە بە هیچ لایەنێک نادەین ئەو وڵاتانە بکاتە ئامانج کە خاوەنی نوێنەرایەتی دیپلۆماسین لە عێراقدا."
مالیکی: لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان رێدەکەوین
نووری مالیکی ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجەکانی ئەوان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پرسی چەک و سەروەری دەوڵەتدا یەکن. مالیکی گوتی، "ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت شتێکی نوێ نییە، ئەوانە داواکارییەکانی ئێمەشن. ئێمە دەمانەوێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و هێزێکی سەربازیی ناوەندی هەبێت."
سەبارەت بە گرووپە چەکدارە نزیکەکان لە ئێران، مالیکی رایگەیاند کە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵیاندا "کارێکی تەواو گونجاوە" و گوتی، "بناخەیەکی باش بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو گرووپانە هەیە." بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە نابێت لە رێگەی "هێز، شەڕ، یان رووبەڕووبوونەوە" بێت، بەڵکو پێویستی بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ