رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای تایبەت بە کەرتی نەوت و وزەی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پرسی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی کەرکووک - جیهان و لێکەوتەکانی گرژییەکانی ناوچەکە لەسەر کەرتی وزە تاوتوێ کران.
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، کۆبوونەوەیەکی فراوان بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت، بریکارەکانی وەزارەت، راوێژکارانی وزە و ئابووری و بەرپرسانی سووتەمەنی لە وەزارەتی کارەبا بەڕێوەچوو. ئامانجی کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنی رەوشی وزە بوو لە ژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سەربازی و سیاسییانەی ناوچەکە بەخۆیەوەیان دەبینێت.
عێراق کە پێشتر رۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، ئێستا بەهۆی دروستبوونی ئاستەنگ لە بەندەرەکانی باشوور، تەنیا لە رێگەی تورکیاوە نەوتەکەی رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات.
وەزیری نەوتی عێراق راپۆرتێکی گشتگیری پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "بڕێکی پێویست لە جۆرە جیاوازەکانی سووتەمەنی کۆگاکراوە و پاڵاوگەکان بە تەواوی توانای خۆیان کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆ."
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، چەند پێشنیازێکی نوێ بۆ باشترکردنی پرۆسەی هەناردەکردن لە رێگەی بۆریی کەرکووک-جیهان خرانە روو.
حکومەتی عێراق دەیەوێت پڕۆژە پیشەسازییەکانی کەرتی گشتی و تایبەت نەکەونە ژێر کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا. لەو چوارچێوەیەدا، پرسی دابینکردنی بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی و رەش تاوتوێ کرا و بڕیاردرا چارەسەری گونجاو بۆ جێگیرکردنی نرخەکان بدۆزرێتەوە.
کۆبوونەوەکە بە کۆمەڵێک پێشنیاز کۆتایی هات کە بڕیارە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێن بۆ پەسندکردنی کۆتایی. هەروەها بڕیاردرا "شانەی قەیرانەکان"ی تایبەت بە سووتەمەنی بەردەوام بێت لە کارەکانی، تاوەکو بە شێوەیەکی خێرا مامەڵە لەگەڵ هەر بارودۆخێکی کتوپڕدا بکەن کە بەهۆی رووداوەکانی ناوچەکە دێتە پێشەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ