سەدر پێشنیازێک بۆ بە تاوانناساندنی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل رادەگەیێنێت

23-04-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق رایگەیاند، فراکسیۆنی سەدری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەمزووانە پرۆژە پێشنیازێک رادەگەیێنێت بۆ بە تاوانناساندنی دروستکردنی پەیوەندی و مامەڵەکردن لەگەڵ "زایۆنست" بەهەر شێوەیەک بێت، بۆ ئەوەی لە پەرلەمان بخرێتەڕوو بۆ دەنگدان لەسەری.
 
موقتەدا سەدر، ئەمڕۆ شەممە 23.4.2022، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند، "گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە وایان لێکردم دیسان بەشداری بە رەوتی سەدر بکەم لە پرۆسەی هەڵبژاردن؛ پرسی دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئیسرائیل و خواستەکانی ئیسرائیل بۆ هەژموونداری لەسەر عێراقی خۆشەویستمان."
 
موقتەدا سەدر دەشڵێت، "لەم روانگەوە فراکسیۆنی سەدری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە گۆڕەپانی نیشتمان بەمزووانە پرۆژە پێشنیازێک رادەگەیێنێت بۆ بە تاوانناساندنی دروستکردنی پەیوەندی و مامەڵەکردن لەگەڵ زایۆنست بەهەر شێوەیەک بێت، بۆ ئەوەی لە پەرلەمان بخرێتەڕوو بۆ دەنگدان لەسەری، دوو پێشنیازی پرۆژەی خزمەتگوزاریش هەن کە لە دوای یەکتر دەیانخەینەڕوو."
 
ئەوە لە کاتێکدایە عێراق دان بە وڵاتی ئیسرائیل نانێت، بۆیە بەدرێژایی مێژوو هیچ جۆرە پەیوەندییەک لەنێوان عێراق و ئیسرائیلدا نەبووە، تەنانەت حکومەتی عێراق لە ساڵی 2021دا رایگەیاند: دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەم لەڕووی دەستووری و هەم لە رووی یاساییەوە رێگەی پێنادرێت. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە