رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە، وادە دەستوورییەکەی بەردەم لایەنە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کۆتایی دێت و بەشێک لە پەرلەمانتاران لەو سستی و دواکەوتنە تووڕەن و هۆشداری دەدەن، لە ئەگەری دواکەوتنی زیاتر، واژۆ کۆ دەکەنەوە بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر سەرۆککۆمار تاوەکو ئەو پرسە یەکلا بکاتەوە.
مەحموود فالح، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانەوە دەڵێت: "وەک پەرلەمان دەبێ هەڵوێستێکی جدییمان هەبێت بەرامبەر بەوەی دەگوزەرێت، دەبێ واژۆ کۆ بکەینەوە و داوا لە سەرۆککۆمار بکەین یەکێک هەڵبژێرێت و رای بسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت."
پێشێلکردنی وادە دەستوورییەکان لە عێراق دا شتێکی نوێ نییە. ئێستا چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی رۆژی هەینیی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی"ـیە، کە بڕیاردەرە لەسەر یەکلاکردنەوەی ناوی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو.
مەنسوور بەعێجی، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، جەخت لە هەستیاریی دۆخەکە دەکاتەوە و گوتی: "پێم وایە ئەمە یەکەم جار نییە، دەیان جار پێشێلی دەستووور کراوە بە چوار مانگ و شەش مانگ، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە لە پێشوو. ئێستا حکومەت بە دۆخێکی قورسی ئابووری، دارایی و ئەمنی دا لە سنووری عێراق دا تێپەڕ دەبێت. پێویستە هەموو حیزبەکان بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و بە زووترین کات حکومەت پێک بهێنن و بودجە دەنگی لەسەر بدرێت بۆ گەلی عێراق، چونکە دۆخەکە بەرگە ناگرێت!"
هەرچەندە لە 11ـی نیسانەوە سەرۆککۆمار هەڵبژێردراوە، بەڵام کێشە نێوخۆییەکانی ماڵی شیعە هێشتا وەک گرێکوێرەیەک وەک خۆی ماوەتەوە.
دواخستن لەدوای دواخستنی کۆبوونەوەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دەرخەری ناکۆکیی نێو سەرکردەکانی ئەو چوارچێوەیەیە. تاوەکو ئێستاش روون نییە بەر لە تەواوبوونی وادە دەستوورییەکە دەسازێن و کەسێک دیاری دەکەن، یاخود پێشێلی ئەو وادەیە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ