رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ژینگەی عێراق رایدەگەیێنێت، بارانبارینی بەخوڕی ئەمساڵ رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە خاوێنکردنەوەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات و کەمکردنەوەی ئەو رێژە زۆرەی پیسبوون کە بەهۆی وشکەساڵییەوە دروستببوو. لیژنەیەکی پەرلەمانی ئاشکرای دەکات، هێشتا 24 بۆریی گەورەی زێراب بەبێ پاڵاوتن دەڕژێنە نێو رووباری دیجلە.
ئەمیر عەلی حەسوون، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هۆشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "بارانبارین کاریگەرییەکی ئەرێنیی گەورەی لەسەر خاوێنکردنەوەی ئاو و کەمکردنەوەی رێژەی پیسبوون هەبووە، کە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی کەمئاوییەوە گەیشتبووە ئاستێکی مەترسیدار."
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ژینگە، بارانەکە بووەتە هۆی بووژانەوەی هۆڕەکان و گەڕانەوەی ژیانی سرووشتی بۆیان، ئەمەش وایکردووە دانیشتووانی ئەو ناوچانە کە بژێوییان لەسەر راوەماسی و ئاژەڵدارییە، بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
ئەمیر عەلی حەسوون گوتیشی: "جگە لە ژینگەی ئاوی، بارانەکە کۆگای ئاوی عێراقی بووژاندووەتەوە و رەوشی کشتوکاڵی لە گشت پارێزگاکاندا بەرەو باشتربوون بردووە."
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی کەشناسیی عێراق، ئەم وەرزە یەکێک بووە لە پڕبارانترین وەرزەکان. پارێزگای نەینەوا پشکی شێری بەرکەوتووە؛ لە ناوەندی موسڵ بەرزترین بڕی بارانبارین تۆمارکراوە کە 262.8 میلیمەتر بووە، لە بەرامبەردا کەمترین بڕ لە پارێزگای دیوانییە بووە، کە تەنیا 50.5 میلیمەتر بووە.
24 بۆریی ئاوەڕۆ دەڕژێنە نێو دیجلە
سەرەڕای باشبوونی دۆخی ئاو بەهۆی بارانەوە، بەڵام هێشتا مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە بەردەوامن. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هۆشیاری ئاماژە بەوە دەکات کە "زیادەڕۆیی بەردەوام لەسەر رووبارەکان هەیە، بەتایبەت رشتنی ئاوی زێراب لەلایەن هەندێک فەرمانگەی شارەوانییەوە."
لەلایەکی دیکەوە، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە بۆ لێکۆڵینەوە لە پیسبوونی ئاوی دیجلە لە دیالە پێکهێنراوە، ئەنجامەکانی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، زیاتر لە 24 بۆریی گەورەی ئاوەڕۆ دەستنیشانکراون کە "راستەوخۆ و بەبێ هیچ پاڵاوتن و چارەسەرکردنێک دەڕژێنە نێو رووباری دیجلە."
کازم شەمەری، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەکە بە رووداوی راگەیاند: "ئەم ئەنجامانە لە ڕێگەی گەشتە مەیدانییەکان و بەپێی فەرمانی دیوانی بەدەستهاتوون. لایەنە خزمەتگوزارییەکان بەرپرسیارن لە رشتنی ئاوی قورس کە لە ڕێگەی رووباری دیالەوە دەگاتە دیجلە."
ئەو پەرلەمانتارە هۆشداری دەدات کە "بڕی پیسبوون لەو خاڵەی هەردوو رووبارەکە تێیدا یەکدەگرنەوە، دوو هێندە زیاد دەکات." راشیگەیاند، لیژنەکەیان رێکاری چاودێریی تووند بەرامبەر لایەنە کەمتەرخەمەکان دەگرێتەبەر، چونکە ئەو دۆخە "هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ژینگە و تەندروستیی گشتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ